رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێک لە نووسینگەی قەرزی بچووک لە قەزای کۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتەوە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قەزاکە دەڵێت، زیانی گیانیی نەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کۆیە رایگەیاند، ئاگرەکە کاژێر 05:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-10-2026 لە گەڕەکی چوارچرا لە بنکەی قەرزی بچووک کەوتەوە و دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
عەقید دڵزار بەکر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە بەهۆی لێچوونی گازەوە بووە لە بوتڵێک، دیارە لەوکاتە شۆرتی کارەبا بووەتە هۆکاری سووتانی شوێنەکە".
لەبارەی زیانەکانەوە بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە ئاماژەی بەوەکرد: "تیمەکانمان بە خێرایی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و رێگرییان کرد لە تەشەنەکردنی ئاگرەکە، بۆیە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و کەمێک زیانی مادی هەن".
نووسینگەی قەرزی بچووک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەن و سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانن، کە لە پێشتر بڕێک پارەیان دەدا بۆ پڕۆژە بچووکەکان.



