رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی لە چیای ماکۆک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی گڕی گرت و بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین دەڵێ، شۆفێرەکە دیار نییە.
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە چیای ماکۆک ئاگادارکراینەوە و دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانیی راپەڕین گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد."
بە گوتەی عەلی قادر، دوای کواژندنەوەی ئاگرەکە سەرنشینێک بە سووتاوی لەنێو ئۆتۆمبێلەکە دۆزرایەوە.
عەلی قادر لەگەڵ ئەوەی رایگەیاند، شۆفێری ئۆتۆمبێلکە دیار نییە، گوتیشی، "بەهۆی بەرزی رێژەی سووتانەکەی، نەزانراوە سەرنشینەکە ژنە یان پیاوە. جگە لە تەرمەکە هیچ کەسێکی دیکە لەوێ نەبووە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستنیشان نەکراوە و دەشڵێت، "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و تیمەکانی پۆلیس لە شوێنی رووداوەکەن و رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر."


