رووداو دیجیتاڵ
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی لە گەڕەکی سەرچنار دووکانێکیان داخست و دەستیان بەسەر زیاتر لە 10 هەزار ماددەی ماوەبەسەرچوو، نووشتە و کەلوپەلی قەدەخەکراودا گرت، خاوەنی دووکانەکەش دەستگیرکرا.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو لە گەڕەکی سەرچنار دووکانێکمان داخست کە لە بنەڕەتدا مۆڵەتی فرۆشتنی جلوبەرگی هەبووە، بەڵام ماددەی جوانکاریی فرۆشتووە. لە کاتی پشکنینی تیمەکانماندا، دەست بەسەر زیاتر لە 10 هەزار پارچە ماددەی جوانکاری و کەلوپەلی خراپبوو و ماوەبەسەرچوودا گیرا."
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەش کرد، لەنێو دووکانەکەدا ژمارەیەک نووشتە دۆزراونەتەوە و گوتی: "بۆمان دەرکەوتووە کەسێکی دیکە نووشتەکانی بۆ ئامادەکردووە و خاوەنی دووکانەکە بەو کەسانەی فرۆشتوون، کە سەردانیان کردووە."
هاوکات لە پشکنینەکەدا دەست بەسەر چەندین ئەندامی نێرینە و مێینەی دەستکرددا گیراوە کە هاوردەکردن و فرۆشتنیان بەپێی یاسا و رێنماییەکان قەدەخەیە.
بەگوتەی بابان ئەحمەد، تاوەکو ئێستا کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان بە سێ کاروان گواستراونەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆش بەشەکەی دیکەیان بگوازرێنەوە بۆ لەناوبردن؛ گوتیشی: "دووکانەکە بە تەواوی داخراوە



