رووداو دیجیتاڵ
حاجی مستەفا سلێمان برادۆستی، هاونیشتمانییەکی بەتەمەنی گوندی هەتکایە لە دەڤەری برادۆست کە تەمەنی زیاتر لە 100 ساڵە و ژیانی خۆی بۆ پاراستنی ژینگە و سرووشتی ناوچەکەی تەرخان کردووە.
حاجی مستەفا، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە پارێزگاریی زیاتر لە 7000 درەختی خۆرسک کردووە کە تەمەنیان لە نێوان 100 بۆ 300 ساڵ مەزەندە دەکرێت. ئەو لە تەمەنی 10 ساڵییەوە دەستی بەم کارە کردووە و ماوەی 90 ساڵە بەردەوامە. لە ماوەی ژیانیدا، چەندین جار رووبەڕووی ئەو کەسانە بووەتەوە کە ویستوویانە زیان بە درختەکانی گوندەکەی بگەیێنن یان بیانبڕنەوە.
حاجی مستەفا کە خاوەنی 10 کوڕ، 4 کچ و زیاتر لە 150 نەوەیە، بەردەوام هانی ئەوانی داوە پارێزگاری لە سرووشتە جوان و ناوازەکەی دەڤەری برادۆست بکەن و ژینگەی ناوچەکە بە جوانی بهێڵنەوە. کوڕ و نەوەکانیشی لەسەر هەمان رێچکەی خۆی راهێناوە و فێری کردوون چۆن ژینگە بپارێزن.
حاجی مستەفا هەمیشە بە جلی کوردیەوە دەردەکەوێت، سەرەڕای تەمەنەکەی، لە هەموو نەخۆشییەک بەدوورە و تەندروستیی چاو، گوێ و یادگەشی زۆر باشە. رۆژانە بە پێ سەردانی پاوانی گوندەکەی دەکات و بە پیاوێکی قسەخۆش و میواندۆست ناسراوە. بیرەوەریی هەزاران رووداوی کۆن و نوێی لە یاد ماوە.
لای ئەو، ژینگە پیرۆزە و وەک بەهەشتێک وایە کە دەبێت مرۆڤ بەرگریی لێ بکات و بیپارێزێت. لەنێو ئەو هەزاران درەختەدا، هیچ درەختێک نەماوە کە دەستی پێی نەگات و لق و پۆپە زیادەکانی نەبڕێتەوە بۆ ئەوەی لە وشکبوون و نەخۆشی رزگاریان بکات.
حاجی حەمید مستەفا، کە کوڕە گەورەی حاجی مستەفایە و تەمەنی زیاتر لە 77 ساڵە، دەڵێت : "من لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکم هەموو درەختەکانی ناوچەکەمان بەسەر کردووەتەوە. ئەو ئێمەی بەجۆرێک راهێناوە و فێری کردووین کە ژینگەمان خۆش بوێت."
حاجی حەمید، دەشڵێت : "لە ماوەی ئەو 70 ساڵەدا، باوکم وەک باوک و کوڕ هەڵسوکەوتی لەگەڵ نەکردووین، بەڵکو وەک برا و هاوڕێ بووە لەگەڵمان. ئەگەر سەیری گوندی هەتکا بکەیت، جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ هەموو گوندەکانی دیکەی ناوچەکە لە رووی دار و سەوزاییەوە پێوە دیارە."


