رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سلێمانی ماوەی چەند هەفتەیەکە بەدەست کێشەی بێئاوییەوە دەناڵێنن. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی شارەکە راگەیاند، کێشەکە بەهۆی تێکچوونی چەند پەمپێکی سەرەکییەوەیە و تاوەکو هەفتەیەکی دیکە چارەسەر دەکرێت.
رۆژی شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، دانیشتووانی گەڕەکەکانی قڕگە، کازیوە، کۆمپانیای نەوزاد، سێتوان، چیا، بەشێک لە چوارچرا و بەشێک لە گەڕەکی کوردسات پەیوەندییان بە تۆڕی میدیایی رووداوەوە کردووە و دەڵێن، چەند هەفتەیەکە کێشەی ئاویان هەیە و تڕۆمپای ئاوی گەڕەکەکانیان لەکارکەوتووە و تاوەکو ئێستا چاکنەکراونەتەوە.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تڕۆمپای سێ هێڵی ئاوی گەڕەکەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سلێمانی کێشەیان تێکەوتووە. ماوەیەکە تیمەکانمان خەریکی چاککردنەوەیانن و ئێستاش کارکردن تێیدا بەردەوامە. نزیکەی هەفتەیەکی دیکە کارکردنی تێدا دەمێنێت، دواتر تڕۆمپای ئاوەکان دادەنرێنەوە و کێشەی هەموو ئەو گەڕەکانە چارەسەر دەبێت."
گوتەبێژی ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گەڕەکانە پێشتر دوو رۆژ جارێک ئاویان بۆ دابین دەکرا، بەڵام بەهۆی ئەو کێشە تەکنیکییەوە ئێستا بووە بە پێنج بۆ شەش رۆژ جارێک، بەڵام دوای دانانەوەی پەمپەکان دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
لەبارەی کێشەیەکی دیکە هاونیشتمانییان بە رووداویان گوت، "نزیکەی 15٪ـی گەڕەکەکانی سلێمانی بە تۆڕی ئاوی نیشتمانییەوە نەبەستراونەتەوە و دانیشتووانەکەیان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پشت بە تانکەر دەبەستن. شۆفێرانی تانکەریش بەهۆی دابیننەکردنی سووتەمەنییەوە رووبەڕووی کێشە ببوونەوە، کە ئەمەش تێچووی گواستنەوەی ئاوی گرانتر کردبوو و بۆ ماڵەکانی ناهێنن".
لەمبارەیەوە ئامانج جەلال دڵنیایی دا و گوتی، "ئێستا کێشەی سووتەمەنیی شۆفێرانی تانکەر چارەسەر کراوە، چونکە سووتەمەنییان بۆ دابین دەکەین و ئاو بە تانکەر بۆ ئەو گەڕەکانە دەچێت کە تۆڕی ئاویان نییە."




