رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر زۆرترین بەنزینخانە داخراون یان نووسیویانە بەنزینیان نییە، هەروەها ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن ئەمڕۆ ژمارەیان بۆ نزیکەی نیوە کەم کرایەوە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان 20ـی تەمموز رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێ. رۆژێک دواتر نرخی بەنزینی موحەسەنی بە هەزار دینار و سوپەری بە 1200 دینار دیاریکرد، لەدوای ئەو رێککەوتەوە بەنزین لە زۆربەی بەنزینخانەکان نەماوە.
بۆ راگرتنی هاوسەنگی و رێگری لە نەمانی بەنزین، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دوێنێ لە 41 بەنزینخانە بەنزینی بە نرخی پاڵپشتیکراو لیتری بە 750 دینار دابەشکرد، بەڵام بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە 23 بەنزینخانە دەبێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە هەولێر 286 بەنزینخانە هەن و بۆ پڕکردنەوەی خواستی بازاڕ رۆژانە پێویستییان بە نزیکەی دوو ملیۆن لیتر بەنزینە، لەم دۆخەدا نزیکەی ملیۆنێک بەنزین دەچێتە بەنزینخانەکانی شارەکە.
لە هەولێر دوای دیاریکردنی نرخ، بەنزینی موحەسەن و سوپەر لە بەنزینخانەکان زۆر کەم بووەوە. بەرپرسێکی پەیوەندیدار دوێنێ بە رووداوی گوت: "رۆژانە بەنرخی پاڵپشتیکراو بەنزینی موحەسەن و سوپەر دەدرێتە بەنزینخانەکان، بەڵام بە ژمارەیەکی زۆر کەمی بەنزینخانەکان".
ئەو بەرپرسە گوتی: "حکومەت لەسەر هێڵە و دەیەوێ دۆخەکە چارەسەر بکات، بەڵام دەبێت خەڵکیش ئارام بگرێ و چەند رۆژێک چاوەڕێ بکات، چونکە کاتی زیاتری پێویستە. بڕیارەکە باشە و رێگر دەبێ لە گرانی، بەڵام بۆ جێگربوونی نرخ کات پێویستە".
بەشێک لە خاوەن بەنزینخانەکان دەڵێن، تێچووی هاوردەکردنی لیترێک بەنزینی موحەسەن نزیکەی 1500 دینارە، بۆیە ناتوانن بە نرخی حکومەت بیفرۆشنەوە.
تاوەکو ئەمڕۆ جگە لە دیاریکردنی نرخ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان چۆنییەتی دابینیکردنی هەر سێ جۆرەکەی بەنزینی بازرگانی رانەگەیاندووە.
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە، 20ی تەمموز گەیشتە گەیشتە 1400 دینار؛ هەروەها 7ـی تەمموز نرخی بەنزین لە سلێمانی بەرزبووەوە و بە چەند قۆناخێک گەیشتە 1150 دینار. بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ رێگری بوو لە بەرزبوونەوەی نرخ لە "بەرژەوەندیی هاووڵاتییان".
لە سلێمانی و هەڵەبجە بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان جێبەجێ نەکراوە و بەنزینی بازرگانی لە هەموو بەنزینخانەکان بەردەستە، بەڵام بە نرخی بەرزتر لەو نرخەی حکومەت دایناوە.
لە دهۆک هاوشێوەی هەولێر بەنزینی بازرگانی کەمە و ئەوەی هەیە رۆژانە لە ژمارەیەک بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێ.


