رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی سلێمانی ئاگادارییەک ئاراستەی هاونیشتمانییانی سنوورەکە دەکات و دەڵێت، بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانییەوە، پێویستە پێشەکی پارەی مۆلیدە بدەن.
قایمقامیەتی قەزای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی هاونیشتمانییانی سنوورەکەی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەو دۆخە کاتییەی دروستبووە و کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی، ئێستا بە ناچاری زیاتر پشت بە ئیشپێکردنی مۆلیدە تایبەتەکان دەبەسترێت.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە: "داوا لە هاووڵاتییانی بەشداربووی مۆلیدەکانی سنووری قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی دەکەین، پابەند بن بە پێدانی پارەی پێشەکی بە خاوەن مۆلیدەکان، ئەوەش بەپێی ئەو پسوولانەی بۆیان دیاریکراوە."
سەبارەت بەو قەرزانەی لای هاونیشتمانییان ماوەتەوە، قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت: "خاوەن مۆلیدە مافی خۆیەتی قەرزە کۆنەکانیشی لە بەشداربووان وەربگرێتەوە."
رۆژی 16ـی ئەم مانگە کۆمپانیای دانەگاز لەبەر بوونی مەترسیی ئەمنی رایگەیاند، کارەکانی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی راگرتووە، ئەوەش بووە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی 2 هەزار مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای جەنگەوە لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئێستا بە زیاتر لە 930 درۆن و مووشەک هەرێمی کوردستان بۆردوومان کراوە.


