رووداو دیجیتاڵ
بۆ ساڵی نوێی خوێندن زیاتر لە 39 هەزار قوتابی ناویان لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە.
د. سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 13-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندبوو، لە 11ـی ئەم مانگەوە دەوامی قۆناخی یەک لە زانکۆکەمان دەستی پێکردووە."
زانکۆی سەلاحەدین بۆ ساڵی نوێی خوێندن 5 هەزار و 710 دەرچووی پۆلی 12ـی وەرگرتووە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکە گوتی: "هەموو دەرچووانی 12 مامەڵەکانیان تەواو نەبووە، بەڵام ئەوانەی مامەڵەیان تەواو کراوە رێکارە کارگێڕییەکانی بەشە نێوخۆیی ئەگەر پێویست بووبێت بۆیان کراوە و دەوامیان دەست پێکردووە".
د. یۆهان عوسمان، گوتەبێژی زانکۆی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا خوێندکارانی قۆناخی یەک خەریکی مامەڵەن، چونکە هەندێک لە خوێندکاران دەیانەوێ بەشەکەیان بگۆڕن، ئەوەش دەبێت سەرەتا مامەڵەی ئەو بەشە بکات لێی وەرگیراوە، دواتر داوابەزاندن بۆ بەشەکەی دیکە."
گوتەبێژی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوای لێکردوون لە 11ـی ئەم مانگەوە دەوامی قۆناخی یەک دەست پێبکەن، بەڵام رێکارەکانی وەرگرتنی خوێندکاران تەواو نەبوون؛ گوتیشی: "لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی زانکۆ کۆبوونەوە دەکات و رۆژی دەوامی قۆناخی یەک دیاری دەکات".
د. یۆهان عوسمان رایگەیاند: "هەندێک رێکار هەن وایانکردووە خوێندکاران هەموویان مامەڵە تەواو نەکەن و کاتی زیاتریان بوێ، ئەویش داواکردنی زانیارییەکانی وەرگرتنە، لەنێویاندا بڕوانامەی رەسەنی دەرچووەکە".
گوتەبێژی زانکۆی سلێمانی باسی لەوە کرد، ئەوان لە 11ـی ئەم مانگەوە دەستکراوە کراون کە دەوامی قۆناخی یەک دەستپێبکەن و لەگەڵ تەواوبوونی رێکارەکانی وەرگرتن دەوام لە زانکۆکە دەست پێدەکات.
چوارشەممە 16-09-2026، سیستمی زانکۆلاین لە هەرێمی کوردستان کارا کرا و رۆژی شەممە 26-09-2026 وادەکەی کۆتایی هات، زیاتر لە 40 هەزار دەرچووی پۆلی 12 مافیان هەبوو داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکوومییەکان پێشکێش بکەن.
رۆژی یەکشەممە 04-10-2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی زانکۆلاینی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، 39 هەزار و 52 دەرچووی پۆلی 12 لە زانکۆ حکوومییەکان وەرگیراون.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، 680 بەش لە هەرسێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین) و (پارالێڵ) و (ئێواران) بۆ ساڵی خوێندنی (2026 - 2027) لە 16 زانکۆی حکوومی لە هەرێمی کوردستان قوتابی وەرگرتووە.
.webp&w=3840&q=75)


