رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە شاری زاخۆ، دوو کافتریا و دووکانێک سووتان. بەرگریی شارستانی دەڵێت، زیانی گیانی نەبووە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی زاخۆ، ئەمڕۆ سێشەممە 13-10-2026 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "کاژێر 03:45ـی بەیانی ئەمڕۆ، ئاگادار کراینەوە لە ئاگرکەوتنەوە لە دوو کافتریا و دووکانێکی ساردەمەنی و دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە."
موقەدەم جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای پێنج خولەک لە ئاگادارکردنەوەمان تیممان لە شوێنی رووداوەکە بوو لە گەڕەکی عەباسیکێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی کافتریایەک بە ساندویچ پەناڵ دروست کرابوو ئاگرەکە زۆر گەورە بوو و تەشەنەی کردبوو".
بەگوێرەی ئەو وێنانەی دوای رووداوەکە بڵاوکراونەتەوە، ئاگرەکە ئەوەندە گەورە بووە شوێنەکان بە تەواوی سووتاون.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ ئاماژەی بەوەکرد، تیمەکانیان رێگرییان لە تەشەنەکردنی زیاتری ئاگرەکە کردووە. گوتیشی: "هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادی زۆر هەن."
لەبارەی هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکەشەوە موقەدەم جەمال هەسن گوتی، لێکۆڵینەوەیان لە هۆکارەکەی دەستپێکردووە و لە داهاتوودا قەبارەی زیانەکان و هۆکاری ئاگرەکە دەخەنەڕوو.

