رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوێکی فەرمیدا دەڵێ، بۆ ئەم ساڵی خوێندن و بۆ جێبەجێکردنی پاراستنی ژینگە، هەر قوتابییەک 5 نمرەی پێ دەدرێ. گوتەبێژی دەستەی ژینگە بڕیارەکە بە گرنگ دەزانێت و چۆنێتیی پێدانی نمرەکان دەخاتەڕوو.
نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە ئەمڕۆ سێشەممە 13-10-2026 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندن دەرکراوە و ئاراستەی پەروەردەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، راپەڕین و زاخۆ کراوە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە: "بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی پاراستنی ژینگە و بایەخدانی لەلایەن قوتابی/خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027)، بڕیاردرا بە تەرخانکردنی 5 نمرە بۆ هەر بابەتێک لە وەرزەکانی خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومیی سیستمی وەزارەتی پەروەردە."
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ هاوئاهەنگیی زۆر باشمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هەیە بۆ هۆشیاریی ژینگەیی و رێنمایی قوتابیان بۆ پاراستنی ژینگە."
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە کرد و گوتی: "ئەم ساڵ راهێنان بە کادیرانی وەزارەتی پەروەردە کراوە کە چۆن قوتابیان هان بدەن بۆ پاراستنی ژینگە، چ لە خاوێنڕاگرتن بێت یان خاوێنکردنەوەی زبڵ و خاشاک و هۆشیارانە بەکارهێنانی ئاو و وزە بێت یان هەر جۆرێکی دیکە کە خزمەتی ژینگە بکات."
د. سەنعان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، مامۆستایان لە قوتابخانەکان بەگوێرەی چالاکییە ژینگەیی و ژینگەدۆستییەکانی قوتابیان نمرەکان دەدەن، کە هەر قوتابییەک چالاکیی زیاتری بۆ پاراستنی ژینگە هەبێت نمرەی زیاتری پێ دەدرێت لەو 5 نمرەیەی دیاریکراوە.
وەزارەتی پەروەردە پێدانی نمرەکانی بەم شێوەیە دیاری کردووە:
- بۆ بازنەی یەکەم (5) نمرەی پاراستنی ژینگە لەسەر چوارەم هەڵسەنگاندنی هەردوو وەرزی یەکەم و دووەم دەدرێ لەلایەن مامۆستای بابەت.
- بۆ پۆلەکانی (4 تاوەکو 12) 5 نمرەی پاراستنی ژینگە دابەش دەکرێ بەسەر هەڵسەنگاندنی یەکەم و دووەمی هەردوو وەرز، واتە لە هەڵسەنگاندنی یەکەم (10) نمرەکە (2) نمرە و لە هەڵسەنگاندنی دووەم (10) نمرەکە (3) نمرە تەرخان دەکرێ بۆ هەردوو وەرزی یەکەم و دووەم.
- بۆ سەرجەم قۆناخەکانی پەیمانگەکان (2) نمرە لەسەر وەرزی یەکەم و (3) نمرە لە وەرزی دووەم بۆ هەر بابەتێک لەلایەن مامۆستای بابەت تەرخان دەکرێ بۆ ئەم مەبەستە.
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە، سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و دڵنیایی جۆری و قوتابخانە و پەیمانگەکان بەدواداچوون دەکەن لەسەر جێبەجێکردنی فەرمانەکە.



