رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری راسپاردووە کە سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر داهاتی وەزارەتەکان دامەزراون، لە سیستمی بایۆمەتری و سیستمی مووچە (Payroll) تۆمار بکات.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی، واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە و لە 10ـی حوزەیرانی 2026 دەرچووە، داوا کراوە کاری پێویست ئەنجام بدرێت بۆ تۆمارکردنی داتای ئەو فەرمانبەرانە.
رووداو بەدواداچوونی کردووە و سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ریاگەیاند، نووسراوەکە گەیشتووە و کارکردن لەوبارەیەوە بەردەوامە، هێشتا هەمووی تەواو نەبووە، کار دەکرێت بۆ ئەوەی هەموو گرێبەستەکان بەم شێوەیە بخرێنە پەیڕۆڵ.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمە ئامادەکارییە بۆ گفتوگۆکانی بودجەی ساڵی داهاتوو.
ئەم هەنگاوە دوای نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری دێت و ئامانج لێی کۆکردنەوە و یەکخستنی داتای هەموو فەرمانبەرانی کەرتی گشتییە لە چوارچێوەی یەک سیستمی ئەلیکترۆنیدا.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "کاری پێویست ئەنجام بدەن بە تۆمارکردنیان لە سیستمی بایۆمەتری و تۆمارکردنیان لە سیستمی مووچە (Payroll)، بۆ ئاگاداری و کاری پێویست."
.jpg&w=3840&q=75)
