رووداو دیجیتاڵ
نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان رایگەیاند، بە هەمان مەرجی فەرمانبەران زەوی بە نزیکەی 1100 رۆژنامەنووس دەدرێت. بەڕێوەبەری یاسایی وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، هێشتا نووسراوی فەرمییان پێنەگەیشتووە.
رۆژی یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە پێشتر بابەتەکەمان پێشنیاز کردبوو و داوامان لە سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوانیش نووسراویان بۆ وەزارەتی شارەوانی کرد و وەزارەتی شارەوانیش وەڵامی دانەوە کە لارییان نییە."
دەربارەی مەرج و رێکارەکانی پێدانی زەوی، ئازاد حەمەدەمین گوتی: "ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری شارەوانی باسی رێکارەکانمان کرد؛ هەمان مەرجی فەرمانبەران لەسەر رۆژنامەنووسانی سەندیکاش جێبەجێ دەکرێت. یەکێک لە مەرجەکانیش ئەوەیە دەبێت بە لایەنیکەمەوە 8 ساڵ کاری رۆژنامەنووسی کردبێت."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی: "لە ماوەیەکی نزیکدا رێکارەکان تەواو دەکرێن و لیستی سوودمەندبووان دەدەینە ئەنجوومەنی وەزیران. بەپێی ئەو ئامارانەی ئێستا لەبەردەستماندان، نزیکەی 1100 رۆژنامەنووس سوودمەند دەبن."
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "دەمێکە هەوڵێکی وا هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمی و لیستی ناوەکانمان پێنەگەیشتووە."
ئەمڕۆ شاندێکی باڵای ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسان؛ بژار حەکیم، جێگری نەقیب و هەریەک لە هەندرێن ئەحمەد، ئەکەد موراد و گۆران جەلال، ئەندامانی ئەنجوومەن، لەگەڵ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیێندراوی سەندیکاکە، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی گفتوگۆکردن بووە لەبارەی پێدانی زەوی بە رۆژنامەنووسان هاوشێوەی فەرمانبەران.
پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، پاڵپشت بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە لە 27ـی ئاداری 2024 دەرچووە؛ بڕیارەکە ئەو فەرمانبەر، پێشمەرگە و خانەنشینانە دەگرێتەوە پێشتر سوودمەند نەبوون و لە 8 ساڵ زیاتر خەزمەتیان هەیە.
زانیاری لەبارەی زەوییەکان:
- رووبەری ئەو زەوییەی دەدرێتە هەر فەرمانبەرێک 200 مەتر دووجایە.
- دابەشکردنی زەوییەکان بەشێوەی تیروپشک دەبێت.
- پرۆسەی وەرگرتنەکە بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی رێکدەخرێت.



