رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان بڕیاری دا رۆژانی دووشەممە لەنێو کەمپی زانکۆکە جلی کوردی بپۆشرێت. سەرۆکی زانکۆکەش رایدەگەیێنێت، بڕیارەکە بۆ زیندوو راگرتنی کولتووری کوردییە و پابەندبوون پێیەوە ئارەزوومەندانەیە.
پ. د. مەنهەل ئیلهام عەبدال، سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی زانکۆی ئاکرێ بڕیاریداوە هەموو رۆژانی دووشەممە لە زانکۆ بکرێتە رۆژی پۆشینی جلی کوردی."
سەبارەت بە ئامانجی ئەم هەنگاوە، سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە شوناس، کولتوور و جلوبەرگی کوردی بە زیندوویی بهێڵینەوە تاوەکو کۆن نەبێت، هەروەها نەوەی نوێ و گەنجانی ئەم سەردەمە زیاتر بە کولتووری نەتەوەکەیان ئاشنا بکەین."
د. مەنهەل عەبدال روونیکردەوە کە بڕیارەکە لە ئەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئارەزوومەندانەیە: "ئەوەی ئارەزووی هەبێت دەتوانێت جلی کوردی لەبەر بکات و کەس ناچار نەکراوە، بەڵام بەگشتی رۆژانی دووشەممە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراوە."
زانکۆی ئاکرێ لە شەش کۆلێژ، دوو پەیمانگە و 29 بەشی زانستی پێکدێت، زیاتر لە 6,000 خوێندکار و نزیکەی 600 مامۆستا و فەرمانبەر لە زانکۆکەدا دەوام دەکەن.



