رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە گوندی براخ لەسەر رێگەی پیرمام، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی دانیشتووانی گوندەکەی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، ژینگەی ناوچەکەیان شێواوە و مەترسیی بڵاوبوونەوی نەخۆشی لە گوندەکەیاندا هەیە. شارەوانیی پیرزین دەڵێت بەردەوام زبڵی سنوورەکە کۆدەکرێتەوە.
بەدری، دانیشتووی گوندی براخ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "خەڵکی گوندەکە زبڵ و پاشماوەکان لەسەر شەقامەکان دادەنێن، بەڵام شارەوانی بەپێی پێویست کۆیان ناکاتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی سیمایەکی ناشرین، بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و مەترسی بۆ سەر تەندروستیمان دروست دەکات."
لە وەڵامی گلەیی هاونیشتمانییاندا، ئازاد محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی پیرزین، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی کەپسی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکانی ئەو گوندە تەرخانکراوە و گوتی: "رۆژ نا رۆژێک بە شێوەیەکی بەردەوام ئۆتۆمبێلی شارەوانی دەچێتە گوندەکە و زبڵ و خاشاکەکە هەڵدەگرێت."
سەرۆکی شارەوانیی پیرزین دواکەوتنی هەندێک جار لە کۆکردنەوەی زبڵ بۆ کێشەی تەکنیکی و پەککەوتنی ئۆتۆمبێلەکان گەڕاندەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد: "لە سەرجەم گوندەکان ژمارەی پەیوەندیکردنمان داناوە بۆ ئەوەی لە کاتی هەر کەموکوڕییەکدا هاونیشتمانییان ئاگادارمان بکەنەوە تاوەکو دەستبەجێ چارەسەری بکەین."
ئازاد محەممەد جەختی لەوەش کردەوە کە دوای بەدواداچوونی رادیۆی رووداو، خۆیان سەردانی شوێنەکەیان کردووە و ئێستا هیچ کێشەیەکی کۆبوونەوەی پاشماوە لەو سنوورەدا نەماوە.
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی پیرزین لە سنووری شارەوانییەکەیاندا شەش ئۆتۆمبێلی کەپس کار دەکەن و رۆژانە زیاتر لە 12 کاروان زبڵ و خاشاک لە شەقامە سەرەکییەکان و گوندەکان کۆدەکەنەوە.


