رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پڕۆژەیەکی هەیە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات. ئەندامێکی فراکسیۆنی ئەو حیزبەش لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی نەوت ئامادەیی نیشان داوە و بۆ رەزامەندیی کۆتاییش دەچنە لای سەرۆکوەزیران.
جەمال کۆچەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی تەمموزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەکگرتوو پڕۆژەیەکی هەیە بۆ ئەوەی بەنزینی 450 دیناری لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت."
سەبارەت بە وردەکاریی پڕۆژەکە، جەمال کۆچەر گوتی: "پڕۆژەکە بەو شێوەیەیە کە حکومەتی عێراق خۆی بەنزینەکە رەوانە بکات و لە رێگەی چەند بەنزینخانەیەکی دیاریکراوەوە بەسەر شۆفێرانی تاکسی و پاسدا و خەڵکی شایستە دابەش بکرێت."
ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو گوتیشی، ئەم بڕە بەنزینە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە و بەدەرە لەو 50 هەزار بەرمیلە نەوتەی کە هەرێمی کوردستان بۆ پێداویستیی نێوخۆ بەکاری دەهێنێت.
لەبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، جەمال کۆچەر گوتی: "لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق قسەمان کردووە و ئەوان ئامادەیییان دەربڕیوە، بەڵام کارەکە پێویستی بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە و بڕیارە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی عەلی فالح زەیدی بکەین."
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دوێنێ چوارشەممە بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نرخی بەنزینی نۆرماڵی حکومی بە 750 دینار جێگیر کرد، بەنزینی کوالێتی موحەسەن لە بەنزینخانەکان نابێت لە 1000 دینار و بەنزینی کوالێتی سوپەر لە 1200 دینار زیاتر بێت.
لەبارەی کوالێتی بەنزینەوە، وەزارەتەکە گوتی، "کوالێتی بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن و سوپەر پێویستە بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت".
20-7-2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بەنزینی نۆرماڵی حکومی بە 750 دینار و بازرگانی بە 850 دینار جێگیر بکات، بەڵام باسی موحەسەن و سوپەری نەکردبوو.
بەشێک لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، ناتوانن کتوپڕ پابەندی بڕیارەکە بن، چونکە بەنزینیان بە گرانتر کڕیوە و ئەگەر بە هەرزان بیفرۆشنەوە زەرەر دەکەن.

.jpg&w=3840&q=75)

