رووداو دیجیتاڵ دانیشتووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی مۆدێرن سیتی (لالاڤ سیتیی پێشوو) لە هەولێر، سکاڵا لە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە دەکەن و دەڵێن: ئەو قوتابخانەیەی ساڵانێکە چاوەڕێی کردنەوەی دەکەن، کراوەتە قوتابخانەیەکی پیشەیی و بەوەش منداڵەکانیان لە خوێندن بێبەش کراون. یەکێک لە دانیشتووانی پڕۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 5 ساڵە پڕۆژەکە وەرگیراوە و لەو کاتەوە چاوەڕێی کردنەوەی قوتابخانەکەین. پار کارەکانی تەواو بوو، بەڵام ستاف و مامۆستایان بۆ دابین نەکرد. ئەمساڵیش، دوای بەدواداچوونێکی زۆر لەگەڵ کارگێڕیی پڕۆژەکە و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە، بۆمان دەرکەوت کە نووسراو کراوە قوتابخانەکە بدرێتە قوتابخانەیەکی پیشەیی بە ناوی 'قوتابخانەی وەستا رەجەب'." دانیشتووانی پڕۆژەکە دەڵێن: بە هەموو شێوەیەک دژی ئەم بڕیارەن، چونکە هەم منداڵەکانیان لە قوتابخانە بێبەش دەکات، هەم کێشە بۆ پڕۆژەکە دروست دەکات و تایبەتمەندیی پڕۆژەکە ناهێڵێت. داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکەن بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە. ئەحمەد ئیبراهیم، دانیشتووی پڕۆژەکە و پارێزەر لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "ئەم پڕۆژەیە لە 2022ـەوە خەڵکی لێ نیشتەجێ بووە، بینای قوتابخانەکەش هەر لەو کاتەوە تەواو بووە. چەندین جار سەردانی پەروەردەی عەنکاوەمان کردووە، پێیان دەگوتین کێشەی بینامان نییە و تەنیا مامۆستای میلاکمان دەوێت، کەچی ئێستا فەرمانی کارگێڕیمان بەدەست گەیشتووە کە بە رەزامەندیی وەزیر دەرچووە." ئەو پارێزەرە ئاماژەی بە نووسراوێکی فەرمی کرد و گوتی: "بەپێی نووسراوی ژمارە 13376 لە رێکەوتی 19ـی 7ـی 2026، بڕیار دراوە بە گواستنەوەی تەلاری ئامادەیی پیشەسازیی رەجەب بە سیستمی ئینگلیزی بۆ ناو پڕۆژەی مۆدێرن سیتی." ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت: "ئەمە پێچەوانەی یاسای وەبەرهێنانە، چونکە خزمەتگوزاریی ناو پڕۆژە دەبێت بۆ دانیشتووانەکەی بێت. ئێمە زیاتر لە 1500 منداڵمان لەناو پڕۆژەکەدا هەیە کە پێویستیان بەو قوتابخانەیە هەیە. ئەگەر ئەم بڕیارە هەڵنەوەشێتەوە، وەک دانیشتووان پەنا بۆ دادگای کارگێڕی دەبەین و تانە لە فەرمانەکە دەدەین." پارێزەرەکە پێیوایە "ئەمە زوڵمێکی گەورەیە" لە دانیشتووانی پڕۆژەکە دەکرێت، چونکە کاتێک لەوێ شوقەیان کڕیوە، یەکێک لە مەرجەکان بوونی قوتابخانەی بنەڕەتی بووە بۆ منداڵەکانیان. ئەو دانیشتووەی مۆدێرن سیتی داوا دەکات وەزارەتی پەروەردە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات و دەڵێت: "کاتێک چووینە لای ئیدارەی پڕۆژەکە، ئەوانیش بێئاگایی خۆیان پێشان دا و گوتیان کەس پرسی پێ نەکردوون." رەوا بۆسکانی، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی پڕۆژەی مۆدێرن سیتی لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "ئەم پڕۆژەیە چڕییەکی زۆری دانیشتووانی تێدایە و زۆربەی نیشتەجێبووەکان خێزانی گەنجن و منداڵیان هەیە. قوتابخانەی پیشەیی واتە قوتابییانی تەمەن 15 بۆ 18 ساڵ لە دەرەوەی پڕۆژەکە بێنە ناو جەرگەی شوقەکان، ئەمەش قەرەباڵخی و ناڕەحەتییەکی زۆر بۆ خێزانەکان دروست دەکات." ئیدارەی پڕۆژەی مۆدێرن سیتی جەختیان لەوە کردەوە کە ئەوانیش رەخنەیان لەم بڕیارە هەیە. بەرپرسانی پڕۆژەکە بە رووداویان راگەیاند: "قوتابخانەکە 18 پۆلییە و دیزاینەکەی بە شێوازێکە کە تەنیا بۆ قۆناخی بنەڕەتی دەست دەدات." ئیدارەکە دەشڵێت: "ئێمە ساڵێکە بیناکەمان ئامادە کردووە و داوای ستافمان لە وەزارەت کردووە، بەڵام بێئاگایی خۆمان لەوە دەردەبڕین کە پرس و رای ئێمە کرابێت بۆ گۆڕینی بۆ قوتابخانەی پیشەیی." ئیدارەی پڕۆژەکە باس لەوەش دەکات کە "بوونی قوتابخانەیەکی پیشەیی لەناو پڕۆژەیەکی نیشتەجێبووندا کە تەنیا یەک دەرگای ئەمنی هەیە، کێشەی گەورە بۆ سەقامگیری و خزمەتگوزاریی پڕۆژەکە دروست دەکات. ئێمە بە فەرمی وەڵامی ئەو نووسراوە دەدەینەوە و هەوڵدەدەین قوتابخانەکە وەک خۆی بمێنێتەوە تاوەکو دانیشتووانی پڕۆژەکە لێی سوودمەند بن." هەرچەندە لایەنە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە ئامادە نەبوون لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادە بن، بەڵام سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "لیژنەیەکی پسپۆڕمان راسپاردووە بۆ ئەوەی بچنە ناو پڕۆژەکە و هەڵسەنگاندن بۆ بینای قوتابخانەکە بکەن. دەمانەوێت بزانین ئایا لە رووی تەکنیکییەوە بیناکە دەبێتە قوتابخانەی پیشەیی یاخود نا." ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "هەر بڕیارێک بدرێت، رەچاوی بەرژەوەندیی گشتی و دانیشتووانی پڕۆژەکە دەکرێت. ئێمە دەزانین دانیشتووانەکە نیگەرانن، بۆیە بڕیاری کۆتایی دوای تەواوبوونی راپۆرتی لیژنەکە دەدرێت تاوەکو دڵنیا ببینەوە کە زیان بە هیچ لایەک ناگات." بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت کە ئەوان وەک دەستە هەموو پڕۆژەکان پابەند دەکەن بە دابینکردنی قوتابخانە بەپێی رێژەی دانیشتووان. ئاکرەیی گوتی: "بۆ هەر 400 بۆ 500 قوتابییەک، دەبێت قوتابخانەیەکی 12 یان 18 پۆلی هەبێت. راستە وەزارەتی پەروەردە بڕیار لە جۆری خوێندنەکە دەدات، بەڵام ناکرێت دانیشتووانی پڕۆژەکە بێبەش بکرێن." گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان رێگایەکی بۆ چارەسەر پێشنیاز کرد و گوتی: "داوا لە دانیشتووانی مۆدێرن سیتی دەکەین کە داواکارییەکی فەرمی بە واژۆی 15 بۆ 20 کەس پێشکەشی دەستەی وەبەرهێنان بکەن. ئێمە بەڵێن دەدەین بەدواداچوونی ورد بۆ پرسەکە بکەین."
هەواڵە ناوخۆییەکان22-07-2026بەڕێوەبەری پڕۆژەکە: سەرەتای ساڵی داهاتوو تونێلی ماوەران لە شەقڵاوە دەکرێتەوە