رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی
هەرێمی کوردستان، لە رێورەسمی دەرچوونی خولی 15ی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی
بەشداری کرد و لە گوتارێکدا بۆ 288 دەرچوو رایگەیاند، نەوەی نوێ لەبەردەم ئالنگاریی
و پرسیاری جیاوازدایە و دەبێت رۆڵی سەرەکی لە نەخشاندنی داهاتووی وڵاتدا بگێڕن.
لە ئاهەنگەکەدا کە بە
بەشداریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری تایبەتی عەلی
زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە
لە قۆناخــێکی نوێداین کە تێیدا تەنیا زانین بەس نییە، بەڵکو دەبێت گەنجان فێر ببن
چۆن بیر بکەنەوە و جیاوازی لە نێوان راستی و بانگەشەدا بکەن.
سەرۆکی هەرێمی
کوردستان هانی دەرچووانی دا کە تەنیا چاوەڕێی دەستی حکومەت نەبن و گوتی:
"سامانی راستی نەوت و سامانی ژێر زەوی نییە؛ سامانی راستیی ئەمڕۆ، عەقڵ و دەسپێشخەریی
ئێوەیە."
نێچیرڤان بارزانی
ئاماژەی بەوەش کرد، چیدیکە تەنیا زۆریی زانیاری مەرج نییە بۆ سەرکەوتن، بەڵکو
توانای شیکردنەوە و بەکارهێنانی ئەو زانیارییانە کلیلی سەرکەوتنە لەم سەردەمەدا.
دەقی قسەکانی نێچیرڤان
بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەڕێز کاک قوباد، جێگری
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەرچووی ئازیز، دایک و باوک و خێزانی بەڕێزی دەرچووان،
بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، مامۆستایانی هێژا، ئەلینا خان کە لە واشنتۆنەوە هاتووە بۆ بەشداریکردن
لەگەڵمان، بەخێربێت. هەروەها بەخێرهاتنێکی تایبەتی نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی
زەیدی دەکەم کە ئەمڕۆ تەشریفی هێناوە لەگەڵمان لە بەغداوە، بەخێربێن.
دەمەوێ پێش دەستپێکردنی
قسەکانم، بەخێرهاتنی برایەکی خۆشەویستی خۆم بکەم کە ئەمڕۆ لێرە ئەویش هاتووە و بەشدارە،
کاک عومەر فەتاح. زۆر بەخێربێیت کاک عومەر.
ئێمە لەگەڵ کاک عومەر
لە تەشکیلەی دوای ئەوەی کە حکومەت یەکی گرتەوە، پێکەوە کارمان کردووە. بەراستی هەر
ئەو وەختەش گوتوومە و ئێستاش دەڵێم، کاک عومەر یەکێک لەو پیاوانە بووە کە بۆ من زۆر
زۆر جێی رێز و شانازی بووە بەوەی کە پێکەوە لەگەڵی ئیشم کردووە. زۆر خۆشحاڵم بەوەی
کە ئەمڕۆ دەیبینم بە سەحەتی باش. بەخێربێیت کاک عومەر. زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو ئیشانەی
کە لە کوردستان کردووتە. زۆر زۆر سوپاس. بەراستی جێت دیارە، حەز دەکەم بزانیت زۆر
و هەموو کاتێکیش یادت دەکەین و هەمیشەش باسی ئەو رۆژانە دەکەین. بەخێربێیت.
خۆشحاڵم کە ئەم ئێوارەیە
لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 11ی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی پێکەوەین. بەشداری
لە خۆشیی دەرچوونی 288 گەنجی وڵاتدا دەکەین. لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەمووتان دەکەم.
پیرۆزبایی لە دایک و باوک و خێزانەکانتان دەکەم کە هەمیشە پشتیوانتان بوون، لە مامۆستایانتان،
لە زانکۆکەتان و لە هەموو ئەوانەی لەم سەرکەوتنەدا لەگەڵ ئێوە بەشدار بوون.
دەرچووانی ئازیز..
هەر نەوەیەک ئالنگاری
و بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بە سەردەم و وڵاتەکەی هەیە. نەوەی ئێمە لە قۆناخــێکدا
ژیا کە گەورەترین ئالنگاری تێیدا پاراستنی کوردستان، ناسنامە، خەبات لەپێناو ئازادی،
بونیادنانەوەی ئەوەی کە شەڕەکان وێرانیان کردبوو، دامەزراندنی دامەزراوەکان و کردنەوەی
دەرگای وڵات بوو بەرەو رووی جیهاندا.
بەڵام ئێوە لە قۆناخــێکی
جیاوازدا و لەبەردەم پرسیاری نوێدان. چۆن ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر بونیاد بنێین کە
دەرفەت بۆ گەنجان بڕەخسێنێت؟ چۆن هەڵەکان راست بکەینەوە و دامەزراوەکانمان باشتر و
کاراتر بکەین؟ چۆن سوود لە تەکنەلۆژیا وەربگرین بەبێ ئەوەی بەها مرۆییەکانمان لەدەست
بدەین؟ هەروەها عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانن لە جیهانێکدا کە بە خێرایی دەگۆڕێت،
رکابەری بکەن و بەرەو پێشەوە بچن؟ ئەمانە پرسیارەکانی نەوەی ئێوەن و ئەو وەڵامانەی
پێشکێشی دەکەن، دەبنە بەشێکی سەرەکی لە نەخشاندنی داهاتووی وڵاتەکەمان.
ئەمڕۆ لە جیهانێکداین
دەتوانین لە چەند خولەکێکدا دەستمان بەو زانیارییانە بگات کە لە رابردوودا بەدەستهێنانیان
رۆژ و مانگی دەویست، بەڵام زۆریی زانیاری مەرج نییە بە واتای قووڵیی زانین بێت. لەبەر
ئەوە خاڵی جیاکەرەوەتان چیتر تەنیا ئەوە نییە کێ زیاتر بزانێت، بەڵکو ئەوەیە کە
بزانێت چۆن بیر بکاتەوە. چۆن جیاوازی لە نێوان راستی و بانگەشەدا و لە نێوان زانین
و بۆچووندا بکات. چۆن پرسیار و پشکنین بکات پێش ئەوەی بڕیار یان حوکم بدات.
ئەمەش بە بڕوای من لە
گرنگترین ئەو بەهایانەیە کە دەبێت زانکۆ پێتان ببەخشێت. عەقڵێکی سەربەخۆ، ئازادی و
رەخنەگر؛ عەقڵێک کە بوێرانە و بێ سانسۆر پرسیار دەکات و فێر دەبێت. لە هەمان کاتدا
ئەو بوێرییەی هەبێت کە پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات و هەڵەکانیشی راست بکاتەوە.
دەرچووانی ئازیز..
ئەو بڕوانامەیەی ئەمڕۆ
وەری دەگرن، دەرگاتان بۆ دەکاتەوە، بەڵام ئەو رێگەیە دیاری ناکات کە دەیگرنەبەر. ئێوە
خۆتان رێگەکەتان دیاری دەکەن. مەهێڵن یەکەم پرسیارتان ئەوە بێت کە حکومەت چی پێشکەش
دەکات، بەڵکو بپرسن من خۆم دەتوانم چی پێشکەش بکەم؟ چ کێشەیەک هەیە کە دەتوانم چارەسەری
بۆ بدۆزمەوە؟ بە چ کار و پڕۆژەیەک دەتوانم دەرفەت بۆ خۆم و بۆ کەسانی دیکەش بڕەخسێنم؟
واتای راستیی هاوڵاتیبوونیش
لێرەوە دەستپێدەکات. نیشتمان بەوە گەورە نابێت کە چەند لێی وەردەگریت، بەڵکو بەوە
گەورە دەبێت کە چەند هاوبەشی دەکەیت لە بونیادنانی وڵاتەکەدا. داهاتوومان تەنیا بە
سامانی سروشتی دیاری ناکرێت. سامانی راستی نەوت و سامانی ژێر زەوی نییە؛ سامانی
راستیی ئەمڕۆ، عەقڵ و دەسپێشخەریی ئێوەیە.
ئازیزان..
شتێکی گرنگی دیکەش هەیە
کە لەم زانکۆیەدا فێری بوون و لەسەر بڕوانامەکەتان نەنووسراوە. ئێوە لە شار، ناوچە
و کلتووری جیاوازەوە هاتوون. پێکەوە فێر بوون، پێکەوە کارتاند کرد و یەکترینان ناسی.
ئەمە ئەو ئەزموونەیە کە عێراق زۆر پێویستی پێیەتی. پێویست ناکات وەک یەک بین تاوەکو
پێکەوە بژین و وڵات ئاوەدان بکەینەوە. جیاوازیی بیر و بۆچوون نابێت ببێتە دابڕان.
هێزی ئێمە لە فرەچەشنیدایە نەک لە هاوشێوەبووندا.
عێراق و کوردستان پێویستیان
بە نەوەیەکە کە فرەچەشنی بکاتە سەرچاوەی هێز و پردە بەهێزەکانی گفتوگۆ لەگەڵ بەرانبەرەکانیدا
نەپچڕێت. ئەو پردانەی لێرە دروستتان کردووە، لەگەڵ خۆتان بیانبەنە ناو ژیانی کرداری.
دەرچووانی ئازیز..
دەزانم زۆر لە گەنجانی
ئەمڕۆ کاتێک دەڕواننە دەوروبەریان، بە نیگەرانییەوە لە داهاتوو دەڕوانن. بیر لە شەڕە
بەردەوامەکان، مەترسییەکانی گۆڕانی ئاووهەوا و ئالنگارییەکانی تەکنەلۆژیا و AI دەکەنەوە. ئەم نیگەرانییانە
جێی تێگەیشتنن، بەڵام وەک هەمیشە گوتوومانە، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا دەتوانێت زۆر وەڵاممان
پێ بدات بەڵام ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی بڕیاری مرۆیی و نیشتمانی.
ئەزموونی گەلی
کوردستان فێری کردووین کە واقیع هەرچەند سەخت بێت، قەدەرێکی نەگۆڕ نییە. رۆژێک بەسەر
ئەم نیشتمانەدا تێپەڕی کە تێیدا تەنیا بیرکردنەوە لەم قۆناخــەی ئەمڕۆ وەک خەیاڵ دەهاتە
بەرچاو. بەڵام ژیان نەوەستا و گەلەکەمان لە فێربوون و بونیادنان نەوەستا. لەبەر ئەوە
داواتان لێ دەکەم، واقیع وەک خۆی ببینن بە هەموو سەختییەکانەوە، بەردەوام بن. باوەڕتان
بە توانای خۆتان هەبێت بۆ گۆڕین.
ئەمەیە ئەو ئومێدەی پێویستمان
پێیەتی. ئومێدێک کە کار، بەرپرسیارێتی و دەسپێشخەریی لەگەڵدا بێت. ناسنامەی خۆتان
بپارێزن و هزرتان بە رووی جیهاندا واڵا بکەن. سەرکەوتنتان تەنیا بەوە حیساب مەکەن
کە بۆ خۆتانی بەدەست دەهێنن، بەڵکو بەوە حیسابی بکەن کە چی دەخەنە سەر ژیانی خەڵک
و پێشخستنی ئەم وڵاتە. هیوادارم هەوڵ بدەن و بە جۆرێک کار بکەن کە رۆژێک بێت سەیری
ئەم قۆناخــە بکەن و بڵێن: نەوەی ئێمە تەنیا بەوە نەوەستا کە بۆی بەجێ مابوو، بەڵکو
دەرفەتی گەورەتری بۆ نەوەکانی داهاتووی خۆی بەدیهێناوە.
هەر لێرەوە لەم زانکۆیە
و لەم شوێنەوە دەمەوێ سوپاس و دەستخۆشی بۆ رۆڵ و ماندووبوونی برای بەڕێزم، دکتۆر بەرهەم
ساڵح، دامەزرێنەری ئەم زانکۆیە و هەوڵەکانی لەپێناو سەرخستنی ئەم ناوەندە ئەکادیمییەدا
دووپات بکەمەوە.
جارێکی تر پیرۆزبایی لە
ئێوە، لە خێزانە سەربەرزەکانتان، لە مامۆستایان، لە سەرۆکایەتی و ستافی زانکۆی ئەمریکی
لە عێراق - سلێمانی دەکەم. هیوای داهاتوویەکی پڕ لە سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ئێوارەتان
باش و بەخێربێن. زۆر سوپاس.
نوێدەکرێتەوە....



