رووداو دیجیتاڵ
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری زانیاری و پەیوەندییەکان لە ناوەندی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە تەواوی هەرێمی کوردستان 27 کەمپ هەن کە ئاوارە و پەنابەرانیان تێدا نیشتەجێیە.
17 کەمپ لە دهۆکن کە 16یان بۆ ئاوارەکانن و ئەوی دیکەیان بۆ پەنابەران؛ 9 کەمپ لە هەولێرن کە 5یان بۆ ئاوارە و 4ەکەی دیکەیان بۆ پەنابەران؛ یەک کەمپیش لە پارێزگای سلێمانییە کە لە عەربەتە و تایبەتە بە پەنابەران کە 2 هەزار و 199 خێزان لەخۆدەگرێ و دەکاتە 9 هەزار و 551 کەس.
عەلی سەعید دەڵێ، 843 هەزار و 300 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. لەو ژمارەیە 569 هەزار و 310 کەسیان ئاوارەن و 273 هەزار و 990 کەسیشیان پەنابەرن.
ئەو بەرپرسە گوتی، 265 هەزار و 515 کەس لە پەنابەرەکان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریان، 8 هەزار و 306 کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانین، 6 هەزار و 726 کەسیان خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیان، 894 کەسیان خەڵکی فەلەستینن و هەزار و 149 کەسیش لە نەتەوە و وڵاتانی جیاوازی دیکەن.
عەلی سەعید گوتی: "بەپێی پێوەر و ستانداردی بانکی نێودەوڵەتی، دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هەر تاکێک لەنێو کەمپ یان لە دەرەوەی کەمپ رۆژانە پێویستی بە نزیکەی 2.6 بۆ 2.7 دۆلارە. ئەگەر ئەم بڕە بۆ سەرجەم ئاوارە و پەنابەران هەژمار بکرێ، ساڵانە پێویستمان بە نزیکەی 850 ملیۆن دۆلارە بۆ سێکتەرەکانی ئاو، کارەبا، تەندروستی، پەروەردە، ژینگە و ئاسایش."
بەڕێوەبەری زانیاری و پەیوەندییەکان لە ناوەندی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی: "کۆمەکی وڵاتانی کۆمەکبەخش و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە رێژەی زیاتر لە 60% کەمی کردووە و لە هەندێک سێکتەریشدا گەیشتووەتە سفر. ئەمەش وایکردووە بارگرانیی دابینکردنی زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بکەوێتە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشەکانی وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی."
عەلی سەعید گوتی: "وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کابینەی محەممەد شیاع سوودانیدا وەزارەتێکی سەرکەوتوو نەبوو و بە شێوازێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەکان دەکرد. بەشداری و هاوکاریی حکومەتی عێراق بۆ دۆسیەی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان سفر بووە؛ بۆ ئاوارەکانیش تەنیا هاوکارییەکی زۆر کەم و سیمبوولی بووە، لە کاتێکدا دەبوو مانگانە دوو سەبەتەی خۆراک دابەش بکەن، کەچی ساڵ هەبووە تەنیا دوو بۆ سێ سەبەتەی خۆراکییان ناردووە."
بەڕێوەبەری زانیاری و پەیوەندییەکان لە ناوەندی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە دەیان ملیۆن دۆلار قەرزداری کرێی زەویی کەمپەکان و کارەبایە لە هەرێمی کوردستان، کە بەشێکی زۆری ئەو زەوییانە موڵکی جووتیارانی کوردستانە و قەرەبوو نەکراونەتەوە.
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگالیش جەختی کردەوە کە ناکرێ بە 4 ملیۆن دینار و بێ دابینکردنی خزمەتگوزاری خەڵک ناچار بە گەڕانەوە بکرێ، بەڵکو دەبێت چارەسەری مرۆیی بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە و گەڕانەوە بە ویستی ئازادانەی خۆیان بێت.



