رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی سلێمانی دەڵێ، ئەو دووکەڵ و ئاگرەی ئێستا لە ناوچەی تانجەرۆ دەبینرێت هەمان ئاگرەکەی هەفتەی رابردووە کە کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە.
رۆژی یەکشەممە 11ــی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەن عەلی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی گوت: ئەو دووکەڵ و ئاگرەی ئێستا لە تانجەرۆ دەبینرێت، پاشماوەی ئەو ئاگرەیە کە هەینی رابردوو بەهۆی هەورە برووسکەوە لە شوێنی فرێدانی خۆڵ و خاشاک لە تانجەرۆ کەوتەوە.
ئەنجوومەن عەلی گوتی: ئاگرەکە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لەلایەن تیمەکانەوە کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام بەهۆی سروشتی پاشماوەکان و ئەو ئاگرەی لە بەشی ژێرەوەی خۆڵ و خاشاکەکان مابووەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە و تیمەکانمان لە شوێنەکە سەرقاڵی کوژاندنەوەین.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی دەوترێت ئاگرەکە بە ئەنقەسەت کراوەتەوە، گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی روونی کردەوە، هاونیشتمانییانی ناوچەکە شاهیدی ئەو رووداوە بوون، بە هیچ شێوەیەک بە ئەنقەست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەورە برووسکەوە بووە.
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەشڵێت: ئەو ناوچەیەی تانجەرۆ شوێنی فرێدانی خۆڵ و خاشاکە و بە هۆی ئەو هەموو پاشماوەیەی لێیەتی ئاسان گڕدەگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند تیمێکی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنەکە دەمێننەوە و چاودێریی سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکە دەکەن.
رۆژی 2ـی تشرینی یەکەم ئاگر لە شوێنی فڕیدانی خۆڵ و خاشاک لە تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی شارەکە دوای سێ رۆژ واتە رۆژی یەکشەممە 4ی تشڕینی یەکەم، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان راگەیاند.



