رووداو دیجیتاڵ
تەرمی هاونیشتمانییەکی گوندی شیرەی سەر بە ناحیەی بالیسان، دوای نزیک 5 کاژێر لە دیارنەمانی دۆزرایەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێ، لەسەر تاشەبەردێک هەڵدێراوە.
خەڵات عەبدولڕەحمان، تەمەنی 24 ساڵ بووە، شەوی رابردوو کاژێر 01:00 تەرمەکەی لە دووری کیلۆمەترێک لە گوندی شیرەوە دۆزرایەوە.
شاخەوان سکتانی، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 09:00ی شەوی رابردوو ئاگادارکراینەوە کە کچێک لە گوندی شیرە دیار نەماوە، دوای نزیکەی پێنج کاژێر گەڕان و بەدواداچوون، تەرمەکەی لە پشت گوندەکەیانەوە دۆزرایەوە."
بەگوتەی شاخەوان سکتانی، خەڵات بە مردوویی دۆزراوەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، نەخۆشیی دەروونی هەبووە.
بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان ئاماژەی بەوەشکرد، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی شەقڵاوە، تەرمەکە رەوانەی دادپزیشکی هەولێر کراوە و پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەڕێنراوەتەوە گوندەکەی و هەر لە گۆڕستانی ئەوێش نێژراوە.
شاخەوان سکتانی لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانەوە گوتی: "ئەو شوێنەوارانەی لەسەر جەستەی دەرکەوتوون دەریدەخەن کە هەڵدێراوە و هیچ گومانێکی دیکە لەسەر هۆکاری مردنەکەی نییە."



