رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی سێ پرس کۆدەبێتەوە، پرسی مۆڵەتی بێ مووچە یەکێکە لە تەوەرەکان و پێشنیاز دەکرێت تاوەکو 10 ساڵ بێت.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە حکومەت کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بڕگەکان، حکومەت کار لەسەر رێکخستنەوەی رێنمایی ژمارە 4ـی ساڵی 2015 و رێنماییەکانی دواتر دەکات.
بەپێی پێشنیازە نوێیەکان، فەرمانبەران دەتوانن بۆ 5 ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن و بۆیان درێژ بکرێتەوە تاوەکو 10 ساڵ. هەروەها بۆ مامۆستا و پزیشک و دەرمانسازان تەنیا 2 ساڵ مۆڵەت رێگەپێدراوە.
ئەو پێشنیازانەی بڕیارە لە کۆبوونەوەکە بکرێتە بڕیار ئەمانەن:
1- فەرمانبەران دەتوانن بۆ ماوەی 5 ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن و دەکرێت دوای دەستبەکاربوونەوە بەهەمان ئەندازەی مۆڵەتەکەیان درێژبکرێتەوە کە دەکرێتە (10) ساڵ.
2- مامۆستا و پزیشک و دەرمانساز تەنها دەتوانن بۆ ماوەی (2) ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن.
3- پاشگەزبوونەوە بە (ماددەی نۆیەم/3) لە رێنمایی دارایی ژمارە (2)ی ساڵی 2025، لە رێکەوتی (18/6/2025) بەدوایەوە هەر فەرمانبەرێک مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرێت بە خزمەت بۆی هەژمار ناکرێت.
4- ئەگەر ماوەی مۆڵەتەکان تەواو بوون و دەستبەکار نەبوونەوە، کۆتایی بە راژەکانیان دەهێنرێت.
5- گرنگە رەچاوی ئەوە بکرێت لە حاڵەتی درێژکردنەوە و کارئاسانی، کاریگەری دروست نەکات و نەبێتە هۆی دروستبوونی گرفت و کەمی میلاک.



