رووداو دیجیتاڵ
پڕۆسەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست گەیشتووەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێ، دوای تەواوکردنی رێکارەکان دەست دەکەین بە دابەشکردنی زەوییەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ــی ئەیلوولی 2026، سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: پڕۆسەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، دوای بڕیاردان لێی رەوانەی وەزارەتی شارەوانی دەکرێت و دەست دەکەین بە رێکارەکانی دابەشکردنی زەوییەکان، تاوەکو ئەوانیش وەک فەرمانبەرانی هەمیشەیی زەوی وەربگرن.
سەربەست مەولوود گوتیشی: "هەنگاوەکانی دابەشکردنی زەوییەکان لە وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە و ئێستا ماوەتەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وردبینی بۆ بکات و بڕیاری لەسەر بدات."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی روونی کردەوە، پێویستە فەرمانبەری گرێبەست هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبووبێت، هاوکات، دابەشکردنەکەش بە شێوەی تیروپشک دەبێت.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی سوودمەند دەبن، سەربەست مەولوود گوتی: "چاوەڕوانی ئەنجوومەنی وەزیرانین، لەگەڵ تەوابوونی رێکارەکان داوا لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین داتا و زانیاریی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست بنێرن."
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رووبەری زەوییەکان هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی 200 مەترە و لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستانیش دابەش دەکرێت.


