رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکانی بۆ هاتنی وەرزی زستان و رێگری لە لافاو لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو شوێنانەی ساڵانی رابردوو لافاوی تێدا دروست دەبوو، چارەسەرکراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ــی تشرینی یەکەمی 2026، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگرییی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: ئەو شوێنانەی ساڵانی رابردوو لافاویان تێدا دروست دەبوو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ سەرجەمیان چارەسەرکراون.
سەرکەوت کاڕەش گوتی: "ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ هاتنی وەرزی زستان و سەرجەم ئەو بۆند و مەنهۆڵانەی دەبوونە هۆی دروستبووی لافاو لە رێگەی تیمەکانی شارەوانییەوە پاککراونەتەوە."
لە بارەی ئەگەری دروستبوونی لافاو، بە تایبەتی لە هەولێر، سەرکەوت کاڕەش گوتی: "هەندێکجار بڕێکی زۆری باران لە کاتێکی کەمدا دەبارێت، ئەمەش کۆنترۆڵ ناکرێت و دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە دوو ساڵی رابردوودا چەندین گۆم و بەنداو دروست کراون، هەروەها هەڵکەندن و دروستکردنەوەی رێڕەوە سرووشتییەکانیش مەترسییەکانی لافاویان لە هەرێمی کوردستان کەمتر کردووەتەوە".


