رووداو - هەولێر
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ژمارە 172ی خۆیدا، تاوتوێی سێ تەوەر و بابەتی سەرەکی دەکات؛ درێژکردنەوەی وادەی لێخۆشبوونی سەرپێچییەکانی هاتووچۆ، پێدانی ئاسانکاری بۆ دانەوەی قەرزی کارەبای هاونیشتمانییان و رێکخستنەوەی مۆڵەت و مووچەی فەرمانبەران.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆدەبێتەوە. بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، بڕگەی یەکەم تایبەت دەبێ بە پێشنیازی وەزارەتی ناوخۆ بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە 282ی ئەنجوومەنی وەزیران، کە تایبەتە بە لێخۆشبوون لە سەرپێچییەکانی هاتووچۆ تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2026.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ کە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە و بۆ سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە، داوا کراوە ماوەی لێخۆشبوونی رێژەی 20% لە سزای سەرپێچییەکانی هاتووچۆ بۆ 6 مانگی دیکە درێژ بکرێتەوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە؛ داوا دەکرێت ئەم بڕیارە لە 01-07-2026 تاوەکو 31-12-2026 بەردەوام بێت، ئەوەش وەک کارئاسانییەک بۆ هاونیشتمانییان.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، راپۆرتێک سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا و سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو، لەگەڵ خستنەڕووی ئەو هەنگاوانەی لەلایەن وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە لەم بوارەدا نراون.
هەر لە هەمان بڕگەدا، ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی پێشنیازێک دەکات بۆ پێدانی ئاسانکاری لە پارەدانی کارەبا لەلایەن هاونیشتمانییانەوە، ئەوەش لەڕێگەی ئەنجامدانی داشکاندن لەو قەرزە کەڵەکەبووانەی لەسەریانە.
بەپێی کارنامەکە، بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێ بە گفتوگۆکردن لەسەر چەند راسپاردەیەکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، کە پەیوەندیدارن بە رێکخستنەوەی بابەتی مۆڵەت و مووچەی فەرمانبەران.



