رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە کۆگایەکی یاریی منداڵان لە گردەڕەشەی پارێزگای هەولێر کەوتەوە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێ، ئەگەر زوو کۆنترۆڵ نەکرابایە، ئاگرەکە بۆ کۆگاکانی دەوروبەریشی دەگوێزرایەوە.
شاخەوان سەعید، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەممووزی 2026 بە رووداوی راگەیاند، "کاژێر 12:57 خولەک لە رووداوەکە ئاگادارکراینەوە و کاژێر 01:20 خولەک لەلایەن تیمەکانمانەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا."
شاخەوان سەعید ئاماژەی بەوەش کرد، "ئاگرێک لە تەنیشت کۆگاکە کراوەتەوە و وردە وردە پەرەی سەندووە. بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگاکە کەوتووەتەوە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە، بەڵام زیانی مادیی زۆری هەبووە و کەلوپەلەکانی ناوی لەنێوچوون. ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و دەشڵێت، "ئەگەر تیمەکانمان بەخێرایی نەگەیشتبانە شوێنی رووداوەکە، لەوانەبوو ئاگرەکە بۆ کۆگاکانی دەوروبەریشی گوازرابایەوە و ئەوانیشی سووتاندبا، چونکە ژمارەی کۆگا لە نزیکیدا هەن."
بەپێێ ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە 4 هەزار ئاگرکەوتنەوە روویانداوە کە نزیکەی 400 رووداویان لە سنووری هەولێر بووە.



