رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی لە ریزبەندیی ساڵانەی خۆیدا دوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدینی لەنێو باشترین 2%ی زانای جیهان پۆلێن کرد.
ئەمڕۆ هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2026 د.سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە رووداوی راگەیاند، "بە شانازییەوە ناوی هەردوو مامۆستای زانکۆکەمان (پ.ی.د. بۆتان جەودەت عەبدوڵڵا) لە بەشی فیزیا و (پ.ی.د. هاژە عومەر عوسمان) لە بەشی کیمیا، لە ریزبەندیی باشترین 2%ــی زانای جیهان لەلایەن زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکیەوە دەستنیشان کران."
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم دەستکەوتە زانستییە گەورەیە مایەی شانازییە بۆ زانکۆی سەڵاحەدین و کاروانی ئەکادیمیی هەرێمی کوردستان."
ریزبەندیی باشترین 2%ی زانایانی جیهان (World’s Top 2% Scientists List) ریزبەندییەکی جیهانیی ساڵانەیە کە لەلایەن زانکۆی (ستانفۆرد)ی ئەمریکی بە هاوبەشی دەزگای زانستیی جیهانیی "Elsevier" ئامادە دەکرێت.
بە گوتەی د. سامان عەبدوڵڵا، پۆلێنی زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی بۆ باشترین 2%ی زانایانی جیهان، ساڵانە پشت بە پێوەرە وردەکانی توێژینەوەی زانستی، ژمارەی بڵاوکراوەکان دەبەستێت.
ریزبەندییەکە زیاتر لەوەی پشت بە ژمارە و بڕی توێژینەوە بڵاوکراوەکان ببەستێت، سەرنج دەخاتە سەر کاریگەریی زانستی توێژەرەکە.
بۆ ئەم مەبەستەش پێوەرێکی پێکهاتوو بە ناوی (c-score) بەکاردەهێنێت کە چەندین رەهەند لەبەرچاو دەگرێ، لەوانە:
- کۆی گشتیی ئاماژەپێدانەکان (Total citations).
- پێوەری هاوسەنگیی توێژینەوە (h-index).
- رەچاوکردنی ژمارەی بەشداربووان لە توێژینەوەکەدا (co-authorship).
- پێگەی نووسەر لە توێژینەوەکەدا (وەک نووسەری سەرەکی، نووسەری یەکەم، یان نووسەری کۆتایی)


