رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی رووت و ناوزڕاندنی لە چەندین ئافرەت کردووە.
رۆژی دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای ئەوەی ئافرەتێک سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارێک تۆمارکرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی لێکردبوو، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، شەوی رابردوو بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانییان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن."
تۆمەتبارەکە کە ناوی (م. م. س)ـە، لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی: "دوای پشکنین، دەرکەوت تۆمەتبار وێنەی چەندین ئافرەتی لەنێو مۆبایلەکەیدا هەڵگرتووە و هەڕەشەی لێکردوون."
تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.




