رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بە فەرمانی دادگە خانووی نووسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی-یان چۆڵکردووە و رادەستی خاوەنەکەیان کردووەتەوە؛ بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەش دەڵێت: "سێ مانگ کرێمان داوە بەبێ ئەوەی ئۆفیسەکە بەکاربهێنین، چونکە داخرابوو."
رۆژی دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە 16-07-2026 خاوەنی خانووی ژمارە 137866 لە گەڕەکی نازنازی شاری هەولێر، لە دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێر سکاڵای یاسایی لە دژی نووسینگەی (NRT) تۆمارکرد، لەبەر ئەوەی چەندین مانگە کرێی خانووەکەی وەرنەگرتووە.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوای سکاڵاکە، لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێرەوە بڕیاردرا لەسەر چۆڵکردنی خانووەکە و گوتیشی: "ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی لێکۆڵەری دادی لە دادگای لێکۆڵینەوە و بەڕێوەبەری نووسینگەی ئێن ئاڕ تی، لەلایەن پۆلیسەوە خانووەکە چۆڵکرا و رادەستی خاوەنەکەی کرایەوە؛ رێکارەکان لە چوارچێوەی یاسا و فەرمانی دادوەر جێبەجێکراون."
لە بەرامبەردا، هێرش قادر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری ئێن ئاڕ تی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێنج مانگ و 16 رۆژە ئۆفیسەکەمان لە هەولێر داخراوە. چەند رۆژێک پێش داخستنی کرێی سێ مانگمان بەیەکەوە دابوو، واتا سێ مانگ کرێمان دا بەبێ ئەوەی ئۆفیسەکە بەکاربهێنین چونکە داخرابوو، دوو مانگیشە کرێمان نەداوە چونکە لە ئۆفیسەکە کار ناکەین."
بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری ئێن ئاڕتی گوتیشی: "چەندین مانگە ئۆفیسەکە داخراوە و کەسیش هیچمان پێ ناڵێت، لەو بارەیەوە نە پۆلیس و نە پارێزگاریش وەڵاممان ناداتەوە."




