رووداو دیجیتاڵ
کەیفی مستەفا عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی شوێنەوار و کەلەپوور رایدەگەیێنێت، لە تەمەنی یاساییدا و "دوای بەدیهێنانی چەندین دەستکەوتی ستراتیژی" لە بواری شوێنەوار و کەلەپوور، کۆتاییهاتنی ئەرکە فەرمییەکەی راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەمووزی 2026، کەیفی مستەفا عەلی لە پەیامێکی ماڵئاواییدا کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، تیشکی خستە سەر "ئەو وەرچەرخانە گەورانە"ی لە ماوەی بەرپرسیارێتییەکەیدا لە کەرتی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستاندا هاتوونەتە ئاراوە و رایگەیاند، "پاراستنی میراتی کولتووری پێویستی بە دیدگایەکی درێژخایەن هەبووە و توانیویانە لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی پێگەی کوردستانی بونیاد بنێن.
لە ماوەی سەرپەرشتیکردنی ئەم دامەزراوەیەدا، کەیفی مستەفا دەڵێت چەندین پڕۆژەی نێودەوڵەتی و زانستیی جێبەجێ کردووە کە گرنگترینیان بریتین لە:
- تۆمارکردنی 6,000 پێگەی شوێنەواری: وەک هەنگاوێکی مێژوویی بۆ پاراستنی یادەوەریی نەتەوەیی.
- داتابەیسی نیشتمانی: دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریی پێشکەوتوو بۆ پێگە شوێنەوارییەکان.
- هەڵکۆڵینی نێودەوڵەتی: کاری هاوبەش لەگەڵ دەیان زانکۆی بەناوبانگی جیهانی.
- بەرهەمی سینەمایی و زانستی: بەرهەمهێنانی فیلمی دیکۆمێنتاریی "شانەدەر Z" و دەرکردنی گۆڤاری زانستیی "شانەدەر".
- ژێرخانی زانستی: دامەزراندنی تاقیگەی کرۆنۆلۆژیی مێژووی گۆزەی کوردستان و پارکی شوێنەواریی دهۆک.
یاسا و ڕێنمایی: داڕشتنی شاکاری ڕێنمایی و یاسا شوێنەوارییەکان و نۆژەنکردنەوەی دەیان بینای مێژوویی.
کەیفی مستەفا لە پەیامەکەیدا سوپاسی متمانەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و پاڵپشتیی بەردەوامی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری کرد. هەروەها ستایشی هەوڵی تیمە پسپۆڕەکانی کرد و رایگەیاند: "ئەم سەرکەوتنانە بەرهەمی هەوڵی هاوبەشی دامەزراوەیەک بوو، کە باوەڕی بە ئەرکی خۆی هەبوو."
بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی شوێنەوار، لە کاتی جێهێشتنی پۆستەکەیدا پەیامێکی ئاراستەی جێگرەوەکەی کرد و گوتی: "میراتی کەلەپووری ئەمانەتە و هیچ سازشێک هەڵناگرێت. شارستانییەتەکان بە دروشم ناپارێزرێن، بەڵکو بە کاری راستگۆیانە و دیدگایەکی زانستی دەپارێزرێن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کەیفی مستەفا جەختیکردەوە کە هەرچەندە ئۆفیسەکەی بەجێدەهێڵێت، بەڵام وەک "سەربازێکی شارستانیەت" لە خزمەتکردنی کوردستان و مێژووەکەی بەردەوام دەبێت، چونکە بە بڕوای ئەو "پۆستەکان زوو تێپەڕ دەبن، بەڵام خزمەتکردن بە گەل بە نەمری دەمێنێتەوە."



