رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی بەشێک لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر، نزیکەی دوو مانگە بەهۆی سووتانی موەلیدەی گەڕەکەکەیانەوە بەم هاوینە بێ کارەبان، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێریش رایدەگەیێنێت کە خاوەن موەلیدەکە پابەند کراوە تاوەکو رۆژی هەینی کێشەکە چارەسەر بکات.
سەعدی ئیسماعیل، باوکی دوو منداڵ و دانیشتووی ئەو گەڕەکەیە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "موەلیدەی گەڕەکەکەمان کە لە نێو پارکی باداوەیە بەر لە جەژنی قوربان سووتاوە، لەو کاتەوە کارەبای موەلیدەمان نییە، کاتێک کارەبای نیشتمانی دەبڕێت، هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی وزەمان نییە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بە دۆخی خەڵکی ناوچەکە کرد و گوتی: "نزیکەی 400 ماڵ لە گەڕەکەکەدا بێ کارەبان. لەم گەرمایەدا خەڵک هەیە نەخۆشی هەیە و بەرگەی بێکارەبایی ناگرێت."
سەعدی ئیسماعیل گوتی: "پەیوەندیمان بە شارەوانی و قایمقامیەتەوە کردووە، بەڵام هەرچی هەوڵ دەدەین تەنیا پێمان دەڵێن (هەوڵدەدەین چارەسەری بکەین) و تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە."
سەبارەت بەم کێشەیە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رادیۆی رووداو رایگەیاند: "بەدواداچوونی رژد و پێویست بۆ کێشەی بێکارەبایی ئەو گەڕەکە دەکەین تاوەکو چارەسەری بکەین."
هەروەها خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "پارێزگاری هەولێر ئاگاداری کردینەوە. خاوەن موەلیدەکە بانگکراوە، بەڵێننامەی فەرمی و یاسایی پێ پڕکراوەتەوە و پابەند کراوە کە دەبێت تاوەکو رۆژی هەینی، موەلیدەکەی چاکبکاتەوە."



