رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 300 پێشمەرگەی سەر بە لیوا و فەوجەکانی فیرقەی 7 لە فەرماندەیی دەڤەری 1، بەهۆی هەڵەیەکی ژمێریاری لە فۆرم و مامەڵەکانیاندا، لە وەرگرتنی دەرماڵەی هاوسەرگیری و منداڵ بێبەش کراون. سەرچاوەیەک لە فەرماندەییەکەش دەڵێت، بەشێکی کێشەکان چارەسەر کراون و پێویستە پێشمەرگەکان خۆیان بۆ کێشە کارگێڕییەکانیان بەدواداچوون بکەن.
ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی فیرقەی 7 دەنگی خۆیان گەیاندووەتە رادیۆی رووداو و رایدەگەیێنن، "نزیکەی 4 مانگە دەرماڵەی خێزان و منداڵمان بۆ نەبەستراوە. بەهۆی ئەم کێشەیەوە مانگانە بڕی 100 هەزار بۆ 300 هەزار دینار لە مووچەی هەر پێشمەرگەیەک دەبڕدرێت، ئەمەش بارگرانییەکی گەورەی دارایی بۆ خۆمان و خێزانەکانمان دروستکردووە؛ چونکە ناومان لە لیستی بەشداربووان جیاکراوەتەوە و پشتگوێ خراوە."
سەبارەت بەم کێشەیە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، چارەسەرکردنی ئەم گرفتە لە دەسەڵاتی فەرماندەیی دەڤەری 1ـدایە و ئەوان دەتوانن روونکردنەوەی زیاتر لەسەر گرفتەکە بدەن.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە فەرماندەیی دەڤەری 1 بە رووداوی راگەیاند، "ئەو کێشەیەی پەیوەندی بە دەرماڵەی خێزانی پێشمەرگەکانەوە هەیە، پێشتر لە یەکەکانەوە بە نووسراوی فەرمی نێردراوە بۆ بەشی ژمێریاری و کاری لەسەر دەکرێت. بەڵام رەنگە لە ناو 400 پێشمەرگەدا تەنیا 10 کەسیان کێشەی فۆرم یان کێشەی تایبەتیان لە یەکەکەی خۆیاندا هەبێت، بۆیە پێویستە پێشمەرگەکان خۆیان سەردانی بەشەکان بکەن و بەدواداچوون بۆ کێشە ئیدارییەکانیان بکەن."
ئەم گرفتە لە کاتێکدایە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا کێشەیەکی هاوشێوە لە لیوای 25ی سەر بە هەمان فەرماندەیی لە میحوەری گوێر دروستبوو. ئەو کات بەهۆی گۆڕینی سیستمی پەیڕۆڵی مووچە و کارکردن بە ئەپڵیکەیشنی (Krd Pass)، دەرماڵەی سەتان پێشمەرگە بڕدرا، کە دواتر بەرپرسانی سەربازی رایانگەیاند تەنیا هەڵەیەکی تەکنیکیی ژمێریاری بووە و چارەسەر کراوە.



