رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر دەڵێ، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ جیاوازیی ناردنی نەوت لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەگەڕێتەوە و دەڵێ: "دەبێت رۆژانە 150 هەزار بەرمیل رادەستی پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان بکرێ، بەڵام ئێستا تەنیا 50 هەزار دەنێرن."
لە کاتێکدا قەیرانی سووتەمەنی و درێژبوونی نۆرەی ئۆتۆمبێل لە بەنزینخانەکان بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جەخت لەوە دەکاتەوە کە هۆکارەکەی بۆ سیاسەتی حکومەتی فیدراڵی لە دابەشکردنی بەشە نەوتی پاڵاوگەکان دەگەڕێتەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەبارەی قەیرانی سووتەمەنییەوە لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی پەیوەندی بەو بڕە نەوتەوە هەیە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رادەستی پاڵاوگەکان دەکرێ. بەڕاستی جیاوازییەکی یەکجار زۆر لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێ."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی ئەو "نایەکسانییە".
ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای قەیرانەکە، ئەو بڕە بەنزینەی حکومەت بە نرخی پاڵپشتیکراو (750 دینار) بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی دەکات، کەمنەکراوەتەوە؛ گوتیشی: "هەمان ئەو بڕە بەنزینە بۆ بەنزینخانەکان دابین کراوە و هیچ کەم نەکراوەتەوە. داوایشمان لە پارێزگاری هەولێر کردووە ئەو بڕە بۆ سۆران زیاد بکرێت."
هەڵگورد شێخ نەجیب هۆکاری درێژبوونی سەرەی بەنزینخانەکانیشی بۆ جیاوازیی زۆری نێوان نرخی بەنزینی بازرگانی و حکومی گەڕاندەوە و رایگەیاند: "کاتێک جیاوازییەکە زۆر دەبێت، بە دڵنیاییەوە خەڵک هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو بەنزینە حکومییە دەدات."
هەڵگورد شێخ نەجیب رەخنەی لەو لایەنانە گرت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری قەیرانەکە دەزانن و گوتی: "خەڵک پرسیار دەکات و دەڵێ بۆچی لە شارەکانی دیکەی عێراق بەنزین بە نرخێکە و لە هەرێمی کوردستان بە نرخێکی دیکە؟ ئەو پرسیارە پێویستە ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی بکرێت؛" روونیکردەوە: "کاتی خۆی کە داهاتەکان لەدەست هەرێمی کوردستان بوو، ئەو کێشانەمان نەبوو، بەڵام کە رادەستی بەغدا کرایەوە، دەبێت بەغداش بە یەک چاو سەیری ئەو پارێزگایانە بکات."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران ئەو لایەنانەی بە هۆکاری کێشەکان زانی کە بانگەشەیان بۆ رادەستکردنی داهاتەکان بە بەغدا دەکرد و گوتی: "ئەوانەی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەگەر داهات رادەستی بەغدا بکرێ، هەموو مانگێک مووچە و پارەی پڕۆژەکان دەنێرێ، با ئێستا وەڵام بدەنەوە. دەبێت پرسیار ئاراستەی ئەوان و ئاراستەی بەغدا بکرێ کە بۆچی جیاوازی لەنێوان شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە؟"
هەڵگورد شێخ نەجیب ئامارێکی وردتری لەبارەی جیاوازییەکە خستەڕوو و گوتی: "باشە بۆچی دەبێت ملیۆنێک بەرمیل رادەستی پاڵاوگەکانی شارەکانی عێراق بکرێ و تەنیا 50 هەزار بەرمیل بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت؟"
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، "دەبێت رۆژانە 150 هەزار بەرمیل رادەستی پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان بکرێ بۆ ئەوەی بتوانین ئەو بڕە بەنزینە دابین بکەین، بەڵام ئەوان ئێستا یەک لەسەر سێی ئەو بڕە، واتە 50 هەزار بەرمیل، دەنێرن."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە، چ لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و چ لە رێگەی بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و دابەزاندنی نرخی بەنزین.
هەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بە دۆخی کارەبا کرد و رایگەیاند، کێشەی کارەبا پەیوەستە بە بابەتی سووتەمەنی و راگرتنی کارەکانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر و گوتی: "هەر جارێک ئاڵۆزی دروست ببێت و بەرهەمهێنانی گاز رابووەستێت، بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر کارەبا دەبێت، چونکە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبا ئەو گازەیە."
سەرەڕای ئەوەش، هەڵگورد شێخ نەجیب پێی وایە دۆخی کارەبا بەراورد بە ساڵانی رابردوو "زۆر باشتر" بووە و گوتی: "پێشتر رۆژانە 11 بۆ 13 کاژێر کارەبا هەبوو، بەڵام ئێستا لە 24 کاژێردا رەنگە تەنیا یەک بۆ دوو کاژێر کارەبا ببڕدرێ."


