رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر دەڵێ، کۆڵبەری دەستیپێکردووەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هاتنی زیارەتکاران بە دەروازەکەیاندا بۆ کەربەلا دەستی پێکردووە.
دوای ئەوەی 07ـی تەمموز هاتووچۆی کۆڵبەری بۆ هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان راگیرا و رێگە نەدرا رۆژانە بێنە هەرێمی کوردستان و بە کۆڵ شتومەک بگوازنەوە، جارێکی دیکە دەستی پێکردەوە.
عەبدوڵڵا مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتووچۆی کۆڵبەری دەستیپێکردوەتەوە. ئێستا رۆژانە مۆڵەت بە 600 کۆڵبەر دەدرێت لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە کۆڵ بگوازنەوە".
لە سەرەتای حوزەیرانی ساڵی 2025ـەوە زیاتر لە 10 هەزار دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کارتی کۆڵبەرییان بۆ کرا و بەشێوەیەکی فەرمی هاتووچۆیان دەکرد، بەڵام لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، کاری کۆڵبەری سەرەتای ئادار راگیرا تاوەکو 20ـی حوزەیران دەستپێکردەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران گوتی: "هۆکاری راگرتنی کۆڵبەری لە چەند رۆژی رابردوودا ئامادەکاری بوو بۆ پێشوازی لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن. ئامادەکارییەکان تەواو کران و کۆڵبەری دەستیپێکردەوە".
ئەو هاونیشتمانییانەی لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە هەرێمی کوردستان و شتومەک دەگوازنەوە، زۆرینەیان قوماش و چایی دەبەن.
عەبدوڵڵا مەحموود گوتی: "دۆخی دەروازەکە ئێستا تەواو ئاساییە. جگە لە هاتووچۆی کۆڵبەری، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانیش بەردەوامە".
لەبارەی هاتنی زیارەتکارانەوە بە دەروازەکەدا و چوونیان بۆ کەربەلا، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران گوتی: "هاتنی زیارەتکاران دەستی پێکردووە، بەڵام هێشتا تەواو قەرەباڵخ نەبووە".



