رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ گەنجێکی دانیشتووی پیرمام کە بۆ گەشتکردن چووبووە سنووری مێرگەسۆر، لە کاتی مەلەکردندا خنکا.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" کاژێر 1:30 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ بە ناوی (محەممەد غازی) کە بۆ سەیران چووەتە چەمە، دیوی مێرگەسۆر، لە کاتی مەلەکردندا خنکاوە".
تیمەکانی بەرگری شارستانی 20 خولەک دوای ئەوەی گەنجەکە کەوتووەتە نێو ئاوەکە، تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە و رەوانەی نەخۆشخانەی مێرگەسۆر کراوە، پاشان رەوانەی دادپزیشکیی سۆران دەکرێت.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران دەڵێت، ئاوی ئەو ناوچەیە سارد و بەخوڕە و تابلۆی ئاگادارکردنەوەیان هەڵواسیوە کە مەلە نەکەن، بەڵام "خەڵک پابەند نابێت".
بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە شەش رووداوی خنکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمارکراون.




