رووداو دیجیتاڵ
لە بەشێکی بەنزینخانەکانی هەولێر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 50 دینار بەرزبووەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێننەوە.
ئەمڕۆ هەینی 09-10-2026 لە بەشێکی بەنزینخانەکانی هەولێر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بۆ هەزار و 450 دینار بەرزبووەوە، لەکاتێکدا تاوەکو دوێنێ لیتری بە هەزار و 395 دینار بوو.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین هەیە، چونکە بەنزینخانەکان بە دۆلار بەنزین دەکڕن."
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلارەوە نرخی بەنزین کەمێک بەرزبووەتەوە، دوێنێ بە کۆ لیترێک نۆرماڵ بە هەزار و 350 دینار بوو".
دوێنێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە گوایە نرخی لیترێک بەنزین لە سلێمانی 100 دینار دابەزیوە. بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی بەنزین وەکو خۆی وایە، ئەو هەواڵانەی باس لە دابەزین دەکەن ناڕاستن."
لە سلێمانی هاوشێوەی هەفتەیەک لەمەوبەر، ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ هەزار و 150 دینارە، موحەسەن هەزار و 750 دینارە و سووپەر لیتری بە هەزار و 900 دینارە".
لە هەولێر نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە هەزار و 395 دینار بووە و ئەمڕۆش لە بەشێکی بەنزینخانەکاندا هەمان نرخە.
مانگی رابردوو نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە سلێمانی 1,200 دینار و لە هەولێر 1,750 دینار بوو.
جگە لە بەنزینی بازرگانی، رۆژانە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرێت، کە لیترێک بە 750 دینارە.
.jpg&w=3840&q=75)

