رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، چاوپۆشیی لە هیچ کەس و شوێنێک ناکەین کە بیەوێت ئەم دۆخەی ئێستا بقۆزێتەوە و دەستکاریی نرخ بکات. دەشڵێت، "سێ جۆر سزا رووبەرووی ئەو کەسانە دەبێتەوە."
دوێنێ پێنجشەممە 08ــی تشرینی یەکەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری کەمکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار سەرجەم لیژنەکانمان راسپاردوو تووندترین سزای ئەو کەسانە بدەن کە دەستکاریی نرخەکان دەکەن یاخود شتومەک لە کۆگاکاندا هەڵدەگرن".
سەبارەت بە جۆری سزاکان، نەوزاد شێخ کامیل، روونیکردەوە، "بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە و لە (رۆژنامەی وەقائع)ـی کوردستان بڵاوبووەتەوە، دەتوانین سزای دارایی و داخستن و رووبەرووکردنەوەی یاسا بەسەر ئەو کەسانە جێبەجێ بکەین کە دەستکاریی نرخەکان دەکەن".
ئەم سزایانە رووبەرووی ئەو کەسانە دەبێتە کە دەستکاریی نرخەکان دەکەن:
-سزای دارایی؛ لە 50 هەزار دەستپێدەکات بۆ پێنج ملیۆن دینار.
-سزای داخستن؛ لە سێ رۆژ دەستپێدەکات تاوەکو 10 رۆژ.
-سزای یاسایی؛ پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێتەوە و دەبرێتە دادگە.
بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بارزگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "دەکرێت کەسێک دوو جۆر سزای بەسەردا جێبەجێبکرێت، بە نموونە؛ ئەگەر مارکێتێک لەسەر دەستکاریکردنی نرخەکان بە 500 هەزار دینار سزا درابێت و بەردەوام بێت لەسەر ئەو نرخانە، راستەوخۆ سزاکەی لە داراییەوە دەگۆڕدرێت بۆ داخستنی شوێنەکە، ئەگەر بێت و شوێنێک لەسەر دەستکاریی کردنی نرخەکان پێشتر داخرابێت و دووبارە هەمان کاری کردبێتەوە بەبێ ئاگادارکردنەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێتەوە و دەبرێتە بەردەم دادگە".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دەشڵێت: چاودێریکردنی بازاڕەکان تەنیا بە لیژنەکان ناکرێت، پێویستە هاونیشتمانییان ئەم خاڵانە جێبەجێ بکەن.
-بایکۆتی کڕینی شتومەک؛ هاونیشتمانییان هەر شتێک زانییان نرخەکەی دەستکاری کراوە بایکۆتی بکەن و نەیکڕن، ئەمەش بازرگان ناچار دەکات نرخەکەی وەک خۆی لێ بکاتەوە.
-شتومەکی زۆر مەکرن؛ ئەگەر هاونیشتمانییان بە بڕی زۆر شمەک بکڕن خواست لەسەری زیاد دەکات و نرخەکەی بەرزدەبێتەوە.
-ئاگادارکردنەوەی لیژنەکان؛ هاونیشتمانییان کاتێک دەبینن نرخی شمەکێک گران بووە پێویستە دەستبەجێ لیژنەکان ئاگاداربکەنەوە.
نەوزاد شێخ کامیل زیاتر گوتی: دەستکاریکردنی نرخەکان بابەتێکی هەستیارە و دەمانەوێت بە تەواوی بازاڕەکان کۆنترۆڵ بکەین و رێگربین لە بەرزبوونەوەی نرخەکان، بۆ ئەو مەبەستە سەرجەم لایەنەکانمان راسپاردوو بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشیی لە هیچ کەس و شوێنێک نەکەن.
ئەم رێکارانەی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێن، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا نرخی فەرمیی فرۆشتنی دۆلار دەستکاری بکات، کە لە دوێنی سێشەممەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نرخە نوێیەکان بە ئەم شێوەیە دیاری کراون:
کڕینی دۆلار لە بانکی ناوەندی: 1,500 دینار بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,300 بوو).
فرۆشتن بە بانکەکان: 1,510 دینار بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,310 بوو).
فرۆشتن بە هاووڵاتییان: 1,520 دینار بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,320 دینار بوو).

