رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر راگەیاند، کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کاریگەری لەسەر دابەشکردنی ئاو دروستکردووە و بەهۆیەوە ئاوی نزیکەی 30%ـی گەڕەکەکانی شارەکە کەم دەبێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" 70%ـی سنووری هەولێر ئاوی 24 کاژێرییان هەیە و کەمبوونی کارەبا کاریگەری لەسەر ئەوان نابێت، بەڵام 30%ـی دیکەی دانیشتووان ئاویان کەمێک کەم دەبێتەوە".
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گەڕەکانەی کە ئاویان کەم دەبێتەوە نزیکەی دوو کاژێر لە کاتی ئاسایی خۆیان کەمتر ئاویان پێدەگات. گوتیشی: "ئەو شوێنانەی پێشتر رۆژ نا رۆژێک 10 کاژێر ئاویان پێدەدرا، ئێستا دەبێتە 8 کاژێر."
لەبارەی کاریگەریی کارەبا لەسەر پڕۆژە گەورەکان، رابەر حوسێن دەڵێت، کە ئەوان وێستگەی تایبەت بە خۆیان هەیە و کارەبا لەسەر پڕۆژەکانی دابەشکردنی ئاو نابڕێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند رۆژێکە کارەبای نیشتمانی کەمی کردووە، "هەر تۆزێک کاریگەری لێ دەکات."
وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، 17ـی تەمموز لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "تیمێكی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی راسپێردراون بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن و بەشێوەیەكی رێكوپێك ئەو بڕە كارەبایەی هەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەشی بکەن".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تیمێكی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی کوردستان بەردەوام چاودێریی دۆخەكە و رێكخستنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا دەكەن.
بەگوێرەی بەرپرسانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، بڕیاردراوە لەکاتی بڕانی کارەبای نیشتمانیدا، راستەوخۆ کار بە موەلیدەکان بکەن و لەم وەرزەدا رێگە نەدەن هاوڵاتییان بێ کارەبابن.



