رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەسەر رێگەی کەلەبەر لە نزیک کۆمەڵگەی خاڵخاڵان، دوو گەنج گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بەسەختی بریندار بوو.
رۆژی شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، دکتۆر هاوکار عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆی مۆتۆڕسکیل لەسەر رێگەی کەلەبەر لە نزیک کۆمەڵگەی خاڵخاڵان، گەنجێک دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و دووی دیکە بریندار بوون، دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە، یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا."
گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە گوتی، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە دانیشتووی ناحیەی تەقتەق و خەڵکی گوندی (کانی لەلە)ن.
بە گوتەی دکتۆر هاوکار عەلی: "ئەوەشی لە ژیاندا ماوە، برینەکەی سەختە."
رووداوەکە نزیک کاژێر 9:30 روویداوە. تیمەکانی فریاکەوتن و لایەنە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکەیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە و تەرمەکانیشیان بردووەتە دادپزیشکی.
هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری رووداوەکە دەستپێکردووە.




