رووداو - بەغدا
ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیێنێت، ناوی 442 پێشمەرگەی لیوای 20ی هاوبەش ئامادەیە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە دانانی ناوەکانیان بە شێوەی کۆتایی، بەستراوەتەوە بە پەسندکردنی بودجەی گشتییەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، شێروان دووبەردانی بە رووداوی گوت: "دوو ساڵە کار لەسەر دۆسیەی ئەم 442 پێشمەرگەیە دەکەین؛ لیستی ناوەکانیان ئامادەیە و گواستنەوەیان بۆ کراوە، هەروەها هەموو رێکارەکانیان تەواو کردووە و مەشق و راهێنانیشیان وەرگرتووە. ئێستا تەنیا ماوە لە وەزارەتی دارایی مووچەکانیان بۆ ببەسترێت."
ئەم ئەندامەی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵ دەدەن لەسەر میلاکی ئەنجوومەنی وەزیران جێگەیان بۆ بکرێتەوە، چونکە گواستنەوەیان بۆ سەر هێزە هاوبەشەکان لە وەزارەتی بەرگری کراوە. بەڵام گوتیشی: "ئەم بابەتە بەستراوەتەوە بە پەسندکردنی بودجە و هێشتا دانانی ناوەکانیان 100% نییە."
دووبەردانی ئەوەشی خستە روو کە نەبوونی بودجە ببووە رێگر لە بەردەم میلاکی ئەم کۆمەڵە پێشمەرگەیە. "وەک لێژنەی ئاسایش و بەرگری، ئێستا لەگەڵ هاوکارانم و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە بەغداین؛ لەم چەند رۆژەدا گفتوگۆی رژدی لەسەر دەکرێت و هەوڵ دەدەین ببنە بەشێک لەو 50,000 ناوانەی بۆ وەزارەتی بەرگری دادەنرێن."
لە ساڵی 2024ـەوە، ئەم 442 پێشمەرگەیەی لیوای 20ی هاوبەش، هەموو رێکارەکانی وەرگرتنیان لە وەزارەتی بەرگریی عێراق تەواو کردووە و چاوەڕێی دامەزراندنن.
.webp&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)