رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم - سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی کوژرانی حاجی محەممەد پێنجوێنی، ئەو هاونیشتمانییەی تەرمەکەی لە گۆڕستانی سەیوان لە سلێمانی دۆزرایەوە، بڵاوکردەوە و دەڵێ، لە 24 کاژێردا بکوژی سەرەکی و هاوکارەکەی دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026، دەزگای ئاسایشی هەرێم - سلێمانی رایگەیاند، "دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە توانرا لە ماوەی 24 کاژێردا بکوژی سەرەکی و هاوکارێکی لەسەر دۆسیەی کوشتنی (محەممەد ئەحمەد حەمەئەمین)، ناسراو بە حاجی محەممەد پێنجوێنی دەستگیربکرێن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەردوو تۆمەتبارەکە بە ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە."
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەمە 5ی تشرینی یەکەم، تەرمی حاجی محەممەد پێنجوێنی لە گۆڕستانی سەیوان لە سلێمانی دۆزرایەوە و بە گوتەی سەرچاوەیەک لە کەسوکارەکەی، بە مەبەستی پارەدانی کارەبا لە ماڵەوە دەرچووە و بڕی 25 ملیۆن دیناری پێبووە، بەڵام دواتر تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.


