رووداو دیجیتاڵ
هێرش کرایە سەر ناوچەیەک لە تاسڵوجەی سنووری سلێمانی و بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە دەوروبەری شوێنەکە کەوتووەتەوە. پارێزگاری سلێمانی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات نزیکی ئەو شوێنانە نەکەونەوە کە هێرشیان کراوەتەسەر.
هێزی ئەمنی و ئەمبوڵانس و ئاگرکوژێنەوە رەوانەی شوێنی هێرشەکە کراون و هێشتا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش بەهۆی هێرشەکەوە 2 - 3 بریندار هەن.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکان بۆسەر شاری سلێمانی و کوردستان دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانیش، بێلایەنانە و بەرپرسیارانە بەشێک نین لەم جەنگەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە."
پارێزگاری سلێمانی داوا لە هاووڵاتیانی دەکات، "لە شوێنی بۆردوومانەکان نزیک نەبنەوە و ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دروست نەکەن، بۆئەوەی بتوانن کارەکانی خۆیان پیشەییانە؛ جێبەجێ بکەن."
سامان نادر، بەڕێوەبەری بنکەی فریاگوزاریی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە هێرشەکەدا 2 - 3 کەس بریندار بوون، بەڵام برینەکانیان سووکە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لەنزیک شوێنی رووداوەکە ئاماژەی بەوە کرد، بەشێک لە خەڵک باس لەوە دەکەن کە ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، کۆگای چەک و تەقەمەنییە، بەڵام هیچ لایەنێکی فەرمی ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 17ی تەممووزی 2026 بە 7 درۆن هێرش کرایە سەر سێ ناوچەی جیاوازی سلێمانی، یەکێک لەو شوێنانەش زڕگوێز بوو.
بەهۆی هێرشەکانی بەیانیی ئەمڕۆوە بۆسەر زڕگوێزی سلێمانی، 9 پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران شەهید بوون، هاوکات دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەختە و رێژەی سووتاویی جەستەی 80%ـە.
_-_Copy.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
