رووداو دیجیتاڵ
19ـیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی ترێ و هەنگوین لە شاری دهۆک کۆتایی هات، بەگوێرەی ئامارەکانیش زیاتر لە 37 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە و بە بەهای 363 ملیۆن دینار بەرهەمی خۆماڵی فرۆشراوە.
رۆژی دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو و ئەمشەو کۆتایی پێهات".
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی فێستیڤاڵەکە، لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا 56 تۆن بەرهەمی جۆراوجۆری خۆماڵی فرۆشراون کە کۆی بەهاکەیان دەگاتە 363 ملیۆن دینار. بە گوتەی ئەحمەد جەمیل:"37 تۆن ترێ، چوار تۆن هەنگوین و 15 تۆن برنج، سماق، پەتاتە، دۆشاوی تەماتە و بەرهەمە وشککراوەکان فرۆشراون".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک باسی لەوەشکرد، لە ماوەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا، زیاتر لە 37 هەزار هاووڵاتی و گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی پارێزگای دهۆک سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە بۆ کڕینی بەرهەمە خۆماڵییەکانی جووتیارانی سنوورەکە.
زۆرترین بەرهەمی ترێ لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆکە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی باخداریی دهۆک، زیاتر لە 39 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک بە دار مێو داچێنراوە.


