رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بەگوێرەی ناوچەکان نمەباران و بارانی بەلێزمە دەبارێت؛ کەشناسێک پێشبینی دەکات زۆرترین بڕی باران لە سنووری پارێزگای دهۆک، پاشان ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر ببارێ و لە سلێمانی و هەڵەبجەش بارانی کەمتر ببارێ.
ئەمڕۆ سێشەممە 06-10-2026 کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگای دهۆک باران باریوە و پێشبینی دەکرێت، لە "دوای نیوەڕۆ بارانی زیاتر لە سەرجەم ناوچەکەمان ببارێت، لە سنووری ناوچە شاخاوییەکان، ئیدارە سەربەخۆکان و سەنتەری پارێزگاکان نمەبارانی پچڕپچڕ دەبارێت و هەندێک کات دەبێتە لێزمەبارانی کورتخایەن و هەورەبرووسکەی لەگەڵ دەبێت".
کەشناسی پێشبینی دەکات بارستەهەوایەکی فێنک هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و پلەی گەرما "چەند" پلەیەک دابەزێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە، کەشناسی رایگەیاندووە: "کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور بە لاوازی دەمێنێتەوە لەسەر ناوچەکە، بەتایبەت لەسەر سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەشێک لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها بەشێک لە پارێزگای کەرکووک و سنووری ئیدارەی پارێزگای دهۆک. ناوچەکانی دیکەی وەکو پارێزگای هەولێر، سەنتەری ئیدارەی سۆران و ئیدارەی راپەڕین تەنیا ئاسمانیان بە نیمچەهەوری دەمێنێتەوە".
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە 06-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارانی ئەمڕۆ سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوا و باکووری هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردووە و دواتر دەگاتە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، وەکو پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی لوقمان موفتی: "لەم شەپۆلەدا زۆرترین بڕی باران لە ناوچەکانی دەڤەری بادینان دەبارێت، بەتایبەتی نزیک سنوورەکانی باشوور و باکووری کوردستان؛ دوای ئەوێ ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، دواتر ئیدارەی راپەڕین و سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێشبینی دەکرێت بارانی کەمتریان لێ ببارێت".
پلەی گەرمای سبەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان:
هەولێر: 25 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 24 پلەی سیلیزی
دهۆک: 23 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 26 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 23 پلەی سیلیزی
پیرمام: 22 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 24 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 26 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 18 پلەی سیلیزی


