رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی 12ـەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە قۆناخی کۆتاییدان؛ بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکەش رایدەگەیێنێت، ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و دیاریکردنی رۆژی دەستپێکردنەکەشی پەیوەستە بە کەشوهەوا و پێگەیشتنی هەنار.
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی رۆژی دەستپێکردن دیاری نەکراوە، بەڵام بڕیار دراوە ئەمساڵ فێستیڤاڵ بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بێت و ئامادەکارییەکان بەرەو تەواوبوون دەچن."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵ گوتیشی: "دیاریکردنی رۆژەکە لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵدایە و پەیوەستە بە تەواو پێگەیشتنی بەرهەمی هەنار و لەباریی دۆخی کەشوهەوا."
لە دوو ساڵی رابردوودا فێستیڤاڵ لە رۆژانی 30 و 31ـی مانگی تشرینی یەکەم (10) دەستیپێکردبوو و بۆ سێ رۆژ بەردەوام ببوو.
بەرپرسێکی ئاگادار لە فێستیڤاڵەکە ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێش تاوتوێی کاتی فێستیڤاڵ کرا، بەڵام کاتەکە دیاری نەکرا، پێشبینی دەکەین ئەگەر کەشوهەوا لەبار بێت، کۆتایی ئەم مانگە دەستپێبکات".
بۆ ئەمساڵ، لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی هەنار مەرجێکی نوێی بۆ بەشداربووان داناوە و رایگەیاندووە: "لەپێناو پاراستنی ژینگە و سرووشتی ناوچەکە، سەرجەم خاوەن کۆشکەکان پابەند دەکرێن بەوەی تەنیا کەلوپەلی دۆستی ژینگە بۆ پێشکەشکردنی خواردن و بەرهەمەکانیان بە گەشتیاران بەکاربهێنن."
ئامارەکانی فێستیڤاڵی ساڵی رابردوو:
سەردانیکاران: 419 هەزار و 700 کەس سەردانیان کردبوو.
کۆی داهات و فرۆش: ملیارێک و 700 ملیۆن دینار.
فرۆشی خواردەمەنی: 800 ملیۆن دینار.
فرۆشی بەرهەمی کشتوکاڵی: 700 ملیۆن دینار.
فرۆشی کاری دەستی: 200 ملیۆن دینار.
کۆشکەکان: لە 550 کۆشکدا بەرهەمەکان نمایش کران (نیوەیان تایبەت بوون بە هەنار).
بەگوێرەی ئاماری رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، ساڵی 2024 زیاتر لە 285 هەزار سەردانیکار و ساڵی 2023 زیاتر لە 270 هەزار سەردانیکار چووبوونە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە، کە نزیکەی 30 هەزار تۆنی لە پارێزگەی هەڵەبجەیە.


