رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی سەیرانگەی شاخە سوور لە سنووری شارباژێڕی پارێزگای سلێمانی رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و بەهۆیەوە 7 کەس بریندار بوون.
سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 122 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگادار کراینەوە لە رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی سەیرانگەی شاخە سوور لە سنووری شارباژێڕ، دەستبەجێ تیمەکانمان چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 122، لە رووداوەکەدا دوو ئۆتۆمبێل پێکیاندا دابوو، بەهۆیەوە 7 کەس بریندار بوون، بەڵام مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.
ئەوانەی لە رووداوەکەدا بریندار بوون، وەکو سامان نادر ئاماژەی پێکرد، بریتین لە دوو ژن، دوو پیاو و سێ منداڵ، تەمەنی یەکێک لە منداڵەکان 6 مانگە.
ئەو بەرپرسەی فریاکەوتنی خێرای سلێمانی گوتیشی، بریندارەکان لە شوێنی رووداوەکە فریاگوزاریی سەرەتاییان لەلایەن تیمەکانیانەوە بۆ کراوە، دواتر گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و چارەسەر وەردەگرن، پاش وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ماڵەوە دەکرێن.



