رووداو دیجیتاڵ
موئەیەد عەلی
ئەنجوومەن و خاوەنی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئاگادارکراونەتەوە لە ئەگەری کەمبوونی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی، موەلیدەکان هەڵبکەن، بەڵام سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێت: "تاوەکو قەرەبوو نەکرێینەوە، موەلیدەکانمان هەڵناکەین."
هەولێر: لەکاتی پێویست موەلیدەکان 24 کاژێر کاربکەن
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "کاژێرەکانی کارەبای موەلیدە بەپێی شوێنەکان دەگۆڕێت؛ لەناو سەنتەری شار 1 تاوەکو 2 کاژێر و لە دەرەوەی شار 5 تاوەکو 7 کاژێر کارەبا دەدرێت." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕی پارەکە بۆ 165 کاژێر کارکردن، 10,000 دینارە بۆ ماوەی 2 مانگ و ئێستا لە هاونیشتمانییان وەردەگیرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکان، خشتەیەکی نوێی کارکردن و نرخ بۆ سنووری پارێزگای هەولێر (ناو شار، قەزا و ناحیەکان) راگەیێندرا، بەپێی بڕیارە نوێیەکە، خاوەن موەلیدەکان ئاگادار دەکرێنەوە کە پێویستە بەپێی ئەم رێنماییانە کار بکەن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی، پێویستە موەلیدەکان بە شێوەی 24 کاژێری ئامادەی کارکردن بن بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییان.
لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆ 165 کاژێر کارکردنی موەلیدە، بڕی 10 هەزار دینار بۆ یەک ئەمپێر لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت.
موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی: کارەبا نادەین
عوسمان محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، بە رووداوی گوتی: "موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی لە دوای جەژنەوە کاریان نەکردووە، چونکە لە سلێمانی کارەبا نەدەبڕا؛ بۆیە هیچ پارەیەکمان وەرنەگرتووە."
رەخنەشی گرت کە ساڵێکە داوای رێکخستنی باج و رسووماتیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە و چیدیکە ناتوانن لەو ناڕوونییەدا بەردەوام بن.
عوسمان محەمەد گوتی: "ئەگەر باج و رسووماتمان لەسەر هەڵنەگیرێت و قەرەبوو نەکرێینەوە، ناتوانین خاوەن موەلیدەکان ناچار بکەین کارەبا بدەن."
هەڵەبجە
تەیمور محەمەد، سەرپەرشتیاری موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجە، بۆ رووداو رایدەگەیێنێت، لە هەڵەبجە تەنیا ئەمڕۆ ئێوارە کارەبا بڕاوە. ئەو گوتی: "بە هیچ جۆرێک موەلیدەکان کاریان نەکردووە و تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە هاونیشتمانییان وەرنەگیراوە."
دهۆک؛ "هەرکات کارەبای نیشتمانیی بڕا، موەلیدە پێدەکەین"
هەکار هروری، نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک، بە رووداوی گوت: "لە دهۆک کاژێری کارەبا دیاریکراو نییە؛ هەر کاتێک کارەبای 24 کاژێری بڕا، موەلیدەکان کار دەکەن."
ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە بڕی پارەکە لە کۆتایی مانگی 7ـدا لە هاونیشتمانییان وەردەگیرێت. هەروەها روونی کردەوە کە لە مانگی 6ـدا بڕی 4,500 دینار وەرگیراوە و ئەگەری هەیە ئەم مانگە نرخەکە زیاتر بێت.



