رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، شوێنی بەشی کامێرا و سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی بۆ نێو باڵەخانەی سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ گوێزراوەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات: "مەبەست لەم کارە گەڕاندنەوەی کاتە بۆ هاونیشتمانییان بۆ ئەوەی زۆر ماندوو نەبن."
رۆژی دووشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2026، هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگاداری هاونیشتمانییان دەکەینەوە شوێنی بەشی کامێرا و سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی لە شەقامی 100 مەتری بەرامبەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا بۆ نێو بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر گوێزراوەتەوە."
لەبارەی شوێنی نوێی بەشەکە، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هاونیشتمانییانەی مامەڵەیان لەو بەشە هەیە لەمەودوا دەتوانن لە نێو بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لەسەر شەقامی 150 مەتریی خێرای رێگەی بەحرکە سەردانی بەشەکە بکەن.
لەبارەی هۆکاری گواستنەوەی بەشەکەش هێمن ئەمین گوتی، باڵەخانەیەکی نوێیان دروست کردووە و ویستوویانە ئەم بەشەش لای خۆیان نزیک بێت، بۆ ئەوەی کات بۆ خەڵک بگەڕێتەوە و ماندوو نەبن لەوەی بچنەوە نێو شار و دووبارە بگەڕێنەوە باڵەخانەی سەرەکیی سەر رێگەی 150 مەتریی هەولێر.




