رووداو دیجیتاڵ
لە دوو هەفتەی رابردوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە دوو هەزار دۆنم دارستان و پووش و پاوان سووتاون. بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانیش رایدەگەیێنێت، شەش کەسیان لەسەر کەوتنەوەی ئاگرەکان دەستگیرکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، عەمید هۆشیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا 40 ئاگرکەوتنەوە تۆمارکرابوون، بەڵام لە هەمان ماوەی ئەمساڵدا حاڵەتەکان بۆ 30 کەمبوونەتەوە."
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، زیانەکانی ئەمساڵ بەراورد بە پار کەمترن و گوتی: "ساڵی رابردوو 15 رەز و باخ سووتابوون، بەڵام ئەمساڵ تەنیا یەک حاڵەتی سووتانی رەز و باخ هەبووە." ئەوەشی خستەڕوو کە زۆرترین زیانی ئاگرکەوتنەوەکان بەر ناوچەی شارباژێڕ کەوتووە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگر، عەمید هۆشیار ئەحمەد باسی لەوە کرد، کەمتەرخەمی هۆکاری سەرەکیی زۆربەی رووداوەکانە، وەک فڕێدانی پاشماوەی جگەرە و پاشماوەی ئاگری گەشتیاران؛ گوتیشی: "بەشێک لە رووداوەکان بە ئەنقەست بوون، هەروەها هۆکاری سروشتی وەک هەبوونی پارچە شوشە کە لەژێر تیشکی خۆردا وەک هاوێنە، دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوە."
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانی ئاشکرای کرد، لەمساڵدا شەش کەسیان دەستگیرکردووە کە تێوەگلاون لە کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکاندا و گوتی: "داوا لە دادگاکان دەکەین توندترین سزا بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنن کە زیان بە ژینگە دەگەیێنن."
لەم مانگەدا زیاتر لە 10 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری سلێمانی تۆمارکراون؛ گەورەترینیان لە سنووری شارباژێڕ بووە کە تێیدا زیاتر لە هەزار دۆنم پووش و دارستان سووتاون.
گرنگترین رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لەم مانگەدا لە سنووری سلێمانی:
14-07-2026: گوندی مارەرەش لە سیتەک؛ 20 دۆنم پووش و پاوان سووتا.
14-07-2026: گوندەکانی ژاڵە، بەربەرد و کانی بۆکێو؛ زیاتر لە 1000 دۆنم پووش و هەشت رەز و باخ سووتان.
14-07-2026: گوندی گۆمەزەرد لە سەنگاو؛ 100 دۆنم پووش و 3000 داری سروشتی سووتان.
14-07-2026: گوندی کەژانی پێنجوێن؛ 20 دۆنم پووش و پاوان سووتا.
13-07-2026: گوندەکانی خاوێ و مێوڵی لە قەرەداخ؛ ئاگرێک بە درێژایی سێ کیلۆمەتر کەوتەوە.
13-07-2026: چەمی گەڵاڵ لە ناحیەی بەرزنجە؛ 50 دۆنم پووش و پاوان سووتا.
12-07-2026: گوندەکانی نۆرەباب، پیرێسک، سێوەنگ و کانی شوانی شارباژێڕ؛ 500 دۆنم پووش و دارستان سووتا.
07-07-2026: گوندی ناوشاخان، بێستان و هەنگەژاڵی پێنجوێن؛ 40 دۆنم پووش و دارستان سووتان.
05-07-2026: گوندی گردخەبەر لە ئاغجەلەر؛ 300 دۆنم پووش و پاوان سووتا.
02-07-2026: گوندی دەربەندفەقەرە لە عەربەت؛ 60 دۆنم گەنم سووتا.


