رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بودجەی مانگانەی دەرمانی هەرێمی کوردستان بۆ حەوت ملیار دینار زیادکراوە و ئێستا 80٪ـی دەرمانی پێویست لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا بەردەستە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە مانگانە زیاتر لە 60 هەزار نەخۆش سەردانی کەرتی گشتی دەکەن لە هەولێر.
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، بەراوردکردنی دۆخی ئێستا بە ساڵانی رابردوو پێشانی دەدات هەنگاوی ئەرێنی نراون، بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تێیدا بودجەی دەرمان لەسەر ئاستی گشتی زیادکراوە.
د. دلۆڤان محەممەد دەڵێت: "بودجەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو ساڵی 2024 مانگانە 6 ملیار دینار بوو، بەڵام ئێستا بە بڕیاری حکومەت بۆ 7 ملیار دینار زیادکراوە. ئەم بودجەیە بەپێی رێژە و پێویستی بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش دەکرێت".
سەبارەت بە رێژەی بەردەستبوونی دەرمان لە بنکە و نەخۆشخانە حکومییەکاندا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخەکە بەراورد بە رابردوو باشترە، ئەو دەڵێت: "دەتوانین بڵێین نزیکەی 80٪ـی دەرمانی پێویست لە بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکاندا بەردەستە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە هیچ گۆڕانکاری و کەموکوڕییەک نییە، هەندێکجار کێشەی دواکەوتنی دابینکردنی دەرمان لە لایەن کۆمپانیاکانەوە یان پرۆسەی پشکنینی کوالیتی کۆنترۆڵ دەبنە هۆی دروستبوونی کەلێن لە بەردەستبوونی هەندێک جۆری دەرماندا، کەواتە هەموو کێشەکان پێوەندییان بە بودجەوە نییە".
جگە لە بودجەی گشتیی دەرمان، بودجەی تایبەت بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و تالاسیمیا تەرخانکراوە، پێشتر تەنیا پشت بەو دەرمانانە دەبەسترا لە بەغداوە دەنێردران یان لە ناو بودجەی گشتیی 7 ملیار دینارییەکەدا دابین دەکران.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، مانگانە زیاتر لە 60 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی کەرتی گشتی دەکەن لە شاری هەولێر و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت. لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، زیاتر لە 26 هەزار نەخۆش لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەولێردا نەشتەرگەریی جۆراوجۆریان بۆ کراوە.
د. دلۆڤان محەممەد لەوبارەوە روونیدەکاتەوە: "دوو نەخۆشخانەی سەرەکیی فریاکەوتنمان هەیە (نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا و رزگاری)، زۆربەی نەشتەرگەرییە کتوپڕەکان کە بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ، بەربوونەوە یان هەر حاڵەتێکی ناچاریی دیکەوە دەبن، لەم نەخۆشخانانە دەکرێن، نزیکەی 90٪ی نەشتەرگەرییە فریاگوزارییەکان لە کەرتی گشتیدا دەکرێن، تەنیا لە بەشی شکاندا رۆژانە 10 تاوەکو 15 نەشتەرگەری دەکرێن کە سەرجەمیان بە خۆڕایین".
سەرەڕای هەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی عێراق لە بەغدا، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر گلەیی لە شێوازی دابینکردنی بودجەی بەکارخستن و ئامێرە پزیشکییەکان دەکات لە لایەن حکومەتی عێراقەوە.
د. دلۆڤان محەممەد دەڵێت: "لە ساڵی 2014وە تاوەکو ئێستا هیچ بودجەیەک لە بەغداوە بۆ دەرمان، پێداویستیی پزیشکی و ئامێری پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان دابین نەکراوە. هەروەها لە ساڵی 2019وە تاوەکو ئێستا، تەنانەت یەک ئامێری پزیشکیش لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە. بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵیشە پێداویستییەکانی تاقیگە و ددان لە بەغداوە دابین نەکراون".
وەکو ئەو بەرپرسەی هەولێر دەڵێت:" کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراقدا لە 17٪وە بۆ نزیکەی 12٪، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی پشکی دەرمانی هەرێمی کوردستان هەبووە کە لە بەغداوە دەنێردرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەماهەنگی لە بواری کوتان و ڤاکسیندا لە ئاستێکی باشدا ماوەتەوە و بەغدا بە رێکوپێکی دابینی دەکات، بەڵام لە دەرمانی شێرپەنجە و هیمۆفلیادا کەمکوڕی بەردەوام دروست دەبێت."
سەبارەت بە رێکخستنەوەی کەرتی تایبەت و گلەیی هاووڵاتییان لە بەرزیی نرخی نەشتەرگەری و پشکنینەکان لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا، د. دلۆڤان ئاشکرای دەکات لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی تەندروستی پێکهێنراوە بۆ پێداچوونەوە بە نرخەکان. ئەو دەڵێ: "کار لەسەر ئەوە کراوە نرخەکان رێکبخرێنەوە. کاتێک هاوسەنگییەک لە کەرتی گشتیدا دروست دەکەین و کوالیتی خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکەینەوە، متمانەی هاووڵاتییان بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان زیاتر دەبێت، ئەمەش گوشار لەسەر کەرتی تایبەت کەم دەکاتەوە.
لەبارەی رێگری لە دەرمانی قاچاخیش، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر دەڵێت :" هەوڵەکانمان بۆ رێگری لە دەرمانی قاچاخ لە رێگەی توندکردنی رێکارەکانی کوالیتی کۆنترۆڵەوە، بووەتە هۆی دابەزینی نرخی دەرمان. بەڵام هێشتا پێویستمان بە کارکردنی زیاتر هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی تهواوی نرخەکان لە کەرتی تایبەتدا بۆ ئەوەی رێگری لە هەر پێشێلکارییەک بکرێت کە بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان دروست دەکات".

