رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سبەی هاتووچۆ لە دەروازەکەوە بۆ باکووری کوردستان و تورکیا رادەگیرێت و دووشەممە هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "بەهۆی کارکردن و چاککردنی شەقام و رێگەوبانەکانی دەروازەی دەرەجیکی دیوی تورکیا، لەسەر داواکاری دەروازەی دەرەجیک، سبەی هەینی هاتووچۆی گەشتیاران و هاونیشتمانیان لە دەروازەی زێت - دەرەجیک رادەگیرێت".
دەروازەی زێد کە لە دیوی باکووری کوردستانەوە ناوی دەروازەی دەرەجیکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە دەروازەکە هیچ کێشەی نییە و ئاساییە و چاوەڕوانی دیوەکەی دیکە دەکەن کارەکانیان تەواو بکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، رۆژانی شەممە و یەکشەممە دەروازەکەیان بە فەرمی داخراوە و دووشەممە 20ـی تەمموز هاتووچۆ لەو دەروازەیەوە ئاسایی دەبێتەوە.
دەروازەی سنووریی زێت دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان و لە 10ـی ئایاری 2023 لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا کرایەوە.


